یەكێک لە وێستگەکانی هەناردەی غازی ئێران بۆ عێراق - وێنە: ئیرنا
کۆمپانیای نیشتمانیی غازی ئێران:
هەناردەی غازی ئێران بۆ عێراق بەپێی رێککەوتنی نێوانیان بەردەوامە
964+
شۆڕش قادری
بە قسەی بەڕێوەبەرانی کۆمپانیای نیشتمانیی غازی ئێران، هەناردەی غازی ئەو وڵاتە بۆ عێراق بە رەواڵی خۆی و بەپێی رێککەوتنی نێوانیان دەڕواتە پێش و هیچ کێشەیەکی نییە.
ئاژانسی هەواڵی ئیرنا لەزاری غوڵامڕەزا کوشکی سەرۆکی ناوەندی کۆنتڕۆڵی غازی ئێران بڵاویکردووەتەوە، هەناردەی غازی وڵاتەکە بۆ عێراق لە دوو خاڵەوە و لە باشوور و رۆژئاوای ئێرانەوە ئەنجام دەدرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ، ئاستی هەناردەی غازی ئێران بۆ عێراق بەراورد بە شەش مانگی دووەمی ساڵ زیاتر بووە و ئەوەش بەپێی رێککەوتنی نێوانیان بووە.
کوشکی راشیگەیاندووە، نزیکەی مانگێکە هەناردەی غاز بۆ عێراق لە یەکێک لە وێستگەکانی ئێران راگیراوە، بەهۆی چاککردنەوە و کارکردن تێیدا و ئەوەش بە ئاگاداری و رێککەوتن لەگەڵ بەغدا بووە.
پێشتریش ئێران ناوە ناوە و بە بیانووی جۆراوجۆر ھەناردەکردنی غازی بۆ عێراق راگرتووە.
رێژەی هاوردەی کارەبای ساڵانەی عێراق دەگاتە هەزار و 200 مێگاوات، ئەمە جگە لە ھاوردەکردنی غاز بۆ وەگەڕخستنی وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا.