چوارەم حاڵەتە لەمساڵدا
کرێکارێک لە کاتی کارکردن لە خورماتوو گیانی لەدەستدا
964+
سیروان خورشید – دوزخوماتوو
کاتژمێر هەشتی بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 25.11.2024، کرێکارێک لە کاتی کارکردن لە یەکێک لە کارگەکانی باشووری قەزای دوزخورماتوو، کە سەرقاڵی ئەسکەلە لێکردنەوە بووە پارچە ئاسنێکی گەورە کەوتووە بەسەریدا و گیانی لە دەستداوە.
خالد مەجید، برازای کرێکارەکە بە 964ـی وت، مامی تەمەنی 44 ساڵ بووە و خاوەنی چوار منداڵە، رۆژانە بۆکرێکاری دەچێتە دەرەوەی قەزاکەو ماوەی هەفتەیەکە لەیەکێک لەکارگەکان لەنزیک قەزاکە کاردەکات و بەیانی ئەمڕۆش لەهەموو رۆژەکان زووتر چووەتە سەر کارەکەی و پاش لێکردنەوەی ئەسکەلە، پارچە ئاسنێک بەسەریدا کەوتووە و بێ هۆش بووە.
وتیشی، پاش گەیاندنی بەنەخۆشخانەی گشتی قەزاکە لەرێگە گیانی لەدەستداوە، چونکە توشی خوێنبەربوونی زۆر هاتووە و کەمێکی دیکە تەرمەکەیان پێ دەدرێتەوە”.
بەپێی ئاماری نەخۆشخانەی گشتی خورماتوو، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاکۆ ئێستا چوار کرێکار گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە حەوت کرێکاری دیکەش بریندار بوون.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر