کۆمپانیاکەیان چی دەڵێت؟
لە رزگاری 12 ژینگەپارێز دەڵێن لە کارەکەیان دەرکراون
964+
میلاد جەلال- گەرمیان
لە ناحیەی رزگاری سەر بە قەزای کەلار، 12 کرێکاری ژینگەپارێز بەپێی قسەی خۆیان، لەلایەن ئەو کۆمپانیایەی کاری پاککردنەوەی ناحیەکە دەکات، دەرکراون، شارەوانیش دەڵێت ئاگادار نەکراوینەتەوە.
ئەو کرێکارانە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، چوونە بەردەم دادگای بەرای رزگاری بۆ تۆمارکردنی سکاڵا، بەڵام سکاڵایان لێوەرنەگیرا.
پێشڕەو ئەحمەد، یەکێکە لەو کرێکارە دەرکراوانەیە بە 964ى وت،”نازانین کۆمپانیاکە بۆچی دەری کردوین ھیچ شتێکی پێمان نەوتووە، دادگاش سکاڵای لێوەرنەگرتین، وتیان کێشەکەتان لەگەڵ شارەوانی و بەڕێوەبەری ناحیەکە چارەسەر بکەن”.
“کرێکارمان ھەیە زیاتر لە 15 ساڵە ئەم ئیشە دەکات، چەندین کۆمپانیا ھاتووە و رۆشتووە ھیچ کرێکارێکی دەرنەکردووە، بەڵام ئەم کۆمپانیا ئێمەی دەرکردووە”، پێشڕەو ئەحمەد وای وت.
جەلال عەبدوڵا، پیاوێکی بەتەمەنە ماوەی 18 ساڵە کاری پاککردنەوە دەکات لە باخچەکان بە 964ى وت، “داوا لە سەرۆکی شارەوانی و بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری دەکەین، چارەسەری کێشەکەمان بکەن، تەنیا ئەو مووچەیەمان ھەیە لە خانووی کرێدام و ئەگەر لەو کارەش دەربکرێم ناتوانم کرێ خانووەکەم بدەم”.
ئەرسەلان ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانی رزگاری بە 964ى وت،”ئەو کۆمپانیا تازە دەستبەکار بووە، ئێمەشیان ئاگادار نەکردووەتەوە لە دەرکردنی ئەو کرێکارانە، کۆمپانیاکە دەبێت 95 کرێکار دابین بکات، بەڵام تا ئێستا 62 کرێکاری ھەیە، کەچی ئەو کرێکارانەی دەرکردووە”.
کامەران محەمەد، چاودێری کۆمپانیای خاوێنکردنەوەی ناحیەی رزگاری بە 964ى وت،”ئەو کرێکارانە کاری خاوێنکردنەوەی باخچەکانیان کردووە، گرێبەستی باخچەکانیش لای ئێمە نیە و جیاکراوەتەوە، پێمان وتوون وەرن کاری ھەڵگرتنەوەی خۆڵ و خاشاکی ماڵان بکەن لەگەڵ ئۆتۆمبێلەکان بن، بەڵام ئەو کرێکارانە وتویانە ئەو کارە ناکەین”، کامەران محەمەد وای وت.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا