کەسوکارەکەى سوڵحى عەشایەرى رەتدەکەنەوە
هەشت ساڵ بەسەر کوژرانى د. هۆشیار ئیسماعیل تێدەپەڕێت
964+
شۆڕش عەبدوڵا— هەولێر
هەشت ساڵ بەسەر کوژرانى د. هۆشیار ئیسماعیل تێدەپەڕێت و ئەمڕۆش کەسوکار و هاوڕێکانى لەبەردەم مزگەوتی حاجی عومەر بندیان کۆبوونەوەیەک یادی مامۆستا ئاینییەکەیان کردەوە.
دیار ئیسماعیل برای د. هوشیار بە 964ـى وت،” کەسو کاری ئەم دوو بکوژە چەندین جار هەوڵیانداوە، بە ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی لێیان خۆشبین، بەڵام ئێمە بەهیچ شێوەیەک سازش لەخوێنی د. هۆشیار ناکەین”.
دەشڵێت: خوێنى د. هۆشیار تەنیا خوێنى بنەماڵەکەى نییە، خوێنى ئومەتێک و خەڵکى باشوورى کوردستانە.
د. هوشیار ئیسماعیل وتاربێژ و مامۆستای ئایینی بوو، لە 22.11.2016 لەبەردەم ماڵەکەی خۆی لەمزگەوتی حاجی عومەر بندیان، لەلایان دوو کەسەوە کوژرا و دادگا فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ هەردوو تاوانبارەکە دەرکرد، بەڵام بە وتەى براکەى فەرمانەکە بووە بە زیندانى هەتاهەتایى و هەشت ساڵى دیکە ئازاد دەبن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح