لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران
بەهۆی کێشەی ئەمنی تائێستا تیمەکانی سەرژمێری نەچوونەتە بەشێک لە گوندەکان
964+
ئاکام غەفور – سۆران
بەهۆی کێشەی ئەمنی لە بەشێک لە گوندەکانی سنوری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، تا ئێستا سەرژمێری تێیاندا ئەنجام نەدراوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی کە ئاماری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە 964ـی داوە، تا ئێستا تیمەکانی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان نەچوونەتە نزیکەی 45 گوندی سۆران، کە بەسەر 55 بلۆک دابەشبوون.
تەحسین سەلیم سەرپەرشتیاری تەکنیکیی تیمی سەرژمێری لە ئیدارەی سۆران بە 964ـی وت، “ئەو گوندانە کێشەی ئەمنییان هەیە و هێشتا سەردانمان نەکردون، بڕیار وایە لە داهاتوودا، بە یەک قۆناغ و لە یەک رۆژدا هەرسێ قۆناغەکەی سەرژمێری تێیاندا ئەنجام بدرێت”.
باسی لەوەش کرد، حکومەتی هەرێم و عێراق لەو گرفتە ئاگادارن، لە داهاتوودا ئەگەر بەهۆی کێشەی ئەمنیی، نەیانتوانی بچنە شوێنەکان و بە ئەلیکترۆنی کارەکە ئەنجام بدن، ئەوا بە کاغەز و دەستنووس سەرژمێرییەکە دەکەن.
کێشەیەکی تر کە ئەمڕۆ بەرۆکی کارمەندانی سەرژمێری سۆرانی گرتبوو، نەبوونی خەتی ئینتەرنێتە لە بەشێک لە ناوچە دوورەدەستەکان، لەوبارەیەشەوە تەحسین سەلیم وتی، “لەو گوندانەی کە ئینتەرنێت نییە، کارمەندەکانمان بە ئۆفلاین دەتوانن کاری خۆیان بکەن و فۆڕمەکە پڕ دەکەنەوە، دواتر کە هاتنەوە ناو خەت، ئامێرەکان ئۆتۆماتیکی زانیارییەکان تۆمار دەکەن”.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری