تەندروستی هەولێر پلانی رۆژانی قەدەغەی هاتوچۆی راگەیاند - وێنە: تەندروستی هەولێر
ئێشکگر دەبن
تەندروستی هەولێر پلانی رۆژانی قەدەغەی هاتوچۆی راگەیاند
964+
شۆڕش قادری
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر پلانی رۆژانی قەدەغەی هاتوچۆی راگەیاند و دەڵێت، لێژنەیەک پێکهێنراوە بۆ بەدواداچوونی دەزگاکانی تەندروستی.
لە رۆژانی قەدەغەی هاتوچۆ بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی سەرژمێری گشتی، کە سبەی و دووسبەی ئەنجام دەدرێت، ئامادەکاری کراوە لەسنوری بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر و لێژنەیەکی پێکهێناوە بۆ بەدواداچوونی دەزگاکانی تەندروستی.
بەپێی راگەیەنراوێکی بەڕێوەبەڕایەتی تەندروستی هەولێر، “خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان بەردەوام دەبن و تیمی فریاگوزاری پزیشکی تەندروستی ئامادەکراوە بۆ رێگا سەرەکییەکان کە پێکدێن لە ئەمبوڵانس و کارمەندی پزیشکی و شۆفێر و دابەشکراون بەسەر سەنتەری شار و دەورووبەری هەولێر”.
ئاماژە بەوەشکراوە، نەخۆشخانە فریاکەوتنەکان بەردەوام دەبن و لەڕێگەی ئێشکگری 24 کاتژمێری کراوە دەبن بەڕووی هاوڵاتیان بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پزیشکی تەندروستی.
تەندروستی هەولێر دەشڵێت، لەو دوو رۆژەدا سەنتەری هەماهەنگی فریاکەوتن (122) بەردەوام و 24 کاتژمێر لەسەر هێڵ دەبن لەڕێگەی هێڵی ژمارەی(122) بۆ گەیاندنی تیمی پزیشکی بەهاناوەچوون بۆ هەر حاڵەتێک کە پێویستی بە تیمی پزیشکی هەبێت، هاوکات سەنتەری بانکی خوێنیش ئێشکگر دەبێت.
لە کاتژمێر 12ـی ئەمشەو بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و کاتژمێر 12ـی شەوی پێنجشەممە 21.11.2024 کۆتایی دێت.