پارتی و گۆڕان: دەبێت ئەمساڵ هەڵبژاردن بكرێت

+964
كوردستان ئەحمەد- هەولێر

كۆبوونەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان و گۆڕان كۆتاییهات و گۆڕان داوادەكات ئاستەنگییەكانی بەردەم هەڵبژاردن لاببرێن.

دلێر عەبدولخالق، وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان لە کۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: پێویستە كێشەكانی نێوان لایەنەكان چارەسەر بكرێن و بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ چارەسەری كێشەكانە و هەروەها داوادەكەین ئاستەنگییەكانی بەردەم هەڵبژاردن چارەسەربكرێن .

پشتیوان سادق، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا، کە لە هەولێر کرا، رایگەیاند ”دەمانەوێت هەڵبژاردن بكرێت، ئەگەر هەڵبژاردن نەكرێت دیموكراسیی كوردستان دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە.

“پارتی ئامادەیە هەموو ئاسانكارییەك بۆ هەڵبژاردن بكرێت، دەمانەوێت هەڵبژاردن تا مانگی دەی ئەمساڵ تێنەپەڕێنرێت و لەكاتی خۆیدا چارەسەر بكرێت” پشتیوان سادق وای وت.

پشتیوان سادق وتیشی پێویستە  هەموو لایەك كار بكەن لەسەر ئەوەی كێشەكان چارەسەر بكرێن، پارتی دەیەوێت دۆخەكە چارەسەر بكرێت و بارودۆخی كوردستان ئەوە دەخوازێت حزبەكانی پێكهێنانی حكومەت باشتر رێكبكەون لەسەر دۆخەكە.

دانا عەبدولكەریم، وەزیری ئاوەدانكردنەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و نوێنەری بزووتنەوەی گۆڕان لە كۆبوونەوەكەدا، لە كۆنفرانسە رۆژنامەوانییەكەدا وتی: پێوستە هەموو شتێك بكرێت كە ئەمساڵ هەڵبژاردن لە كوردستاندا بكرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە دووی شوبات، پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان لە هەولێر كۆبوونەوە، بڕیاڕ بوو رۆژی شەممەش لەگەڵ یەكێتی كۆببنەوە، بەڵام كۆبوونەوەكە دواخرا.