سبەی قۆناغی كۆتایی دەستپێدەكات

ئەمڕۆ قۆناغی یەكەمی سەرژمێری كۆتایی دێت

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

ئەمڕۆ سێشەممە 19.11.2024 قۆناغی یەكەمی سەرژمێری كۆتایی دێت و سبەی قۆناغی دووەم و كۆتایی دەستپێدەكات و لە عێراق و هەرێمی كوردستاندا ئامانجەكان جیاوازتر لێكدانەوەی بۆ دەكرێت.

پرۆسەی سەرژمێری گشتی، كە لە عێراق و هەرێمی كوردستان بەڕێوەدەچێت، قۆناغی یەكەمی ئەمڕۆ كۆتایی دێت، كە بریتیی بوون لە تۆماركردنی داتا و زانیارییەكان لە بارەی هەر تاكێكی عێراق و كوردستانەوە، سبەی چوارشەممە و دووسبەی پێنجشەممەش، قۆناغی كۆتایی سەرژمێرییەكە بەڕێوەدەچێت، كە دووپاتكردنەوە و دڵنیاكردنەوەی داتا تۆماركراوەكانەوە.

پێش دەستپێكردنی قۆناغی یەكەمیش، قۆناغێكی دیكەی پرۆسەكە بەڕێوەچوو، كە پرۆسەی ژمارەدانان و گەمارۆدان بوو، كە لە 1.10.2024 دەستیپێكرد و زیاتر لە حەوت هەزار و 400 كارمەند بە شار و گوندەكاندا گەڕان بۆ تۆماركردنی زانیارییەكان.

سەرژمێریی ئەمجارە تەنیا بۆ ژمارەی هاوڵاتیان نییە و بەڵكو سەرژمێری بۆ خانوو، باڵاخانە، ئۆتۆمبێل و كەلوپەلی ناوماڵ و چەند بابەتێكی دیكە دەكرێت، وەك بژێوی ژیان و داهات و شتی دیكە.

لە پرۆسەی سەرژمێریی عێراقدا نزیكەی 120 كەس وەك بژمێر و سەرپەرشتیار و چاودێر و تیمی سەرژمێری بەشداریی دەكەن و پرۆسەكە گەورە و فراوانە.

باسم عەوادی وتەبێژی حكومەتی عێراق رایگەیاند، سەرژمێریی گشتی بۆ پلانی گەشەپێدان بۆ داهاتووی عێراق ئەنجامدەدرێت و زۆر گرنگە.

هەروەها سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق عەتوان عەتوانی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سەرژمێریی گشتیی دانیشووان دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی توانای پرۆسەی پلاندانان و پێوەری بنەڕەتیش دەبێت بۆ دابەشكردنی داهات و تەرخانكراوە داراییەكان بەسەر پارێزگاكاندا.

لە هەرێمی كوردستانیش پرسەكە جیاوازتر سەیردەكرێت و وەك بابەتێكی نەتەوەیی مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت، حكومەت و لایەنە سیاسییەكانیش هانی هاوڵاتیان دەدەن بە شێوەیەكی فراوان بەشداریی بكەن، بە تایبەتی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، كە بە ناوچەكانی مادەی 140 ناسراون، بۆ ئەوەی رێژەی كورد لە عێراق بە دروستی تۆمار بكرێت، كە كاریگەری لەسەر بڕیاری سیاسی و بنەماكانی دەستوور و پشكی هەرێم لە بودجە و بابەتی ناوچە كێشەلەسەرەكان هەیە.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەی رۆژی 6.11.2024 پشتگیریی خۆی بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی سەرژمێری گشتی راگەیاند، بەڵام ئەوەشیان راگەیاند، “نابێت سەرژمێری هیچ کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر جێبەجێکردنی مادەی 140ی دەستوور و یەکلاکردنەوەی پرسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەبێت و نابێت ببێتە جێگرەوەی ئەو میکانیزم و ڕێکارە دەستووريیانەی لە مادەی 140ی دەستووری عێراقدا جێگير کراون.

پرۆسەی سەرژمێری لەوەتەی 1997ەوە لە عێراق ئەنجام نەدراوە و لە هەرێمی كوردستانیش لە 1987ەوە ئەنجام نەدراوە.

1118 بژمێر سەرژمێریی سۆران ئەنجامدەدەن

1118 بژمێر سەرژمێریی سۆران ئەنجامدەدەن