بە هەڵمەتێك پاكنەكرایەوە
فلێكسەكانی هەڵمەتی هەڵبژاردنی كوردستان هێشتا ماون و مەترسیشیان دروست كردووە
+964
دەشتی عارف ـ هەولێر
نزیکەی مانگێکە هەڵبژاردن تەواو بووە، بەڵام تا ئێستاش لە هەندێك شوێ پۆستەر و فلێكس و پاشماوەی وێنەی كاندید و حزبەكان ماون، كە لە هەندێك شوێندا راگری فلێكسەكان مەترسی بۆ سەر گیانی هاوڵاتیان هەیە، سەرۆكی شارەوانیی هەولێریش دەڵێت، دووەم هەڵمەت دەكەین و هەمووی پاك دەكەنەوە.
ئیسماعیل تاهیر، قوتابی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، بە 964ـی وت، لە بەردەم رێرەوی رۆیشتنی قوتابیان لە پێش زانکۆ، بینیویەتی خوێندكار رۆیشتووە و ئاگای لێنەبووە قاچی بەو شیشانە کەوتووە، کە پێشتر بۆ وەستانی فلێکسەکانی كاندیدكان بەکاریان هێناوە.
وتیشی، “خوێندكارەكە کچ بوو، خەریک بوو بەربێتەوە و شوێنێكی بشكێت”.
بۆ بەدواداچوونی زیاتر 964 پەیوەندی بە کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر کرد، ئەویش وتی، “لە هەڵمەتی یەکەممان بەشێکی زۆری ئەو فلێکس و پاشمانەوەی دەنگدانمان لادا و هەڵمەتی دووەمیش دەکرێت بۆ ئەوەی هەموو ئەو پاشماوانەی ماون لاببرێن و شارەکە پاک بکەینەوە”.
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20.10.2024 ئەنجام درا و بەپێی بڕیاری كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقیش، لەسەر كاندیدەكانە دوای 30 رۆژ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، پۆستەر و فلێكسەكانیان لەسەر شەقام و شوێنەكان لاببەن.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا