دووسایدی دارەتووی كۆن و نوێ دروست دەكرێت. فۆتۆ: پارێزگای هەولێر
بەشێكی پڕۆژەكە دەستیپێكرد
دووسایدی دارەتووی كۆن و نوێ دروست دەكرێت
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
پارێزگای هەولێر رایگەیاند، پڕۆژەی دروستكردنی دووسایدی دارەتووی كۆن و نوێ دەستیپێكرد.
راگەیاندنی پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ دووشەممە 18.11.2024 بڵاویكردەوە، جێبەجێکردنى پڕۆژەى دووسایدی سەرەكیی ناحیەی دارەتووی كۆن و نوێ
لە چوارچێوەى گەیاندنى خزمەتگوزارییە پێویستییەکانە بەو جێگە و شوێنانەى پێویست دەکات ئاوڕی زیاتریان لێبدریتەوە.
ئاماژەیان بەوەش كردووە، پڕۆژەیە یەكێكە لە گەورە پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی سنووری ناحیەى دارەتوو، ئێستا كاری دانانی قاڵبی کربستۆن بە درێژیی چوار كیلۆمەتر بۆ شەقامە سەرەكییە دەكرێت و لە قۆناغی دواتریشدا پرۆسەی قیرتاوكردنی دووسایدەكە دەستپێدەكات.
“بە تەواوبوونی پڕۆژەكە وێڕای ئەوەی سیمایەكی جوانتر بە ناحیەكە دەبەخشێت، هاوكات دەبێتە هۆی ئاسانكارییەكی باش بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیان و شۆفێران”، لە راگەیاندراوەكەدا وا هاتووە.
دارەتوو لەگەڵ ئەوەی ناحیەیەكی سەر بە هەولێرە، بەڵام بەهۆی نزیكیی زۆری لە سەنتەری شار، وەك گەڕەكێكی گەورەی هەولێری لێهاتووە.