داهاتووی نەیمار بەرەو كوێ؟
“نەیمارمان بۆ چییە، خۆ بنكەی چارەسەری تەندروستیمان دانەناوە”
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
نەیماری یاریزانی بەڕازیل، لە سەروبەندی گەڕانەوەیە بۆ یانەی سانتۆسی بەڕازیلی و دەنگۆی ئەوە هەیە لە مێركاتۆی ئەم زستانە دەچێتە وڵاتەكەی.
رۆژنامەی ASی ئیسپانی نووسیویەتی، نەیمار بەم زووانە دەگەڕێتەوە سانتۆسی یانەی پێشووی، دوای ئەوەی یاریزانەكە لەگەڵ یانەكەی رێككەوتووە.
نەیمار گرێبەستی لەگەڵ یانەی هیلالی سعودی هەیە تا 2025، بەڵام بە گوێرەی سەرچاوەكە لە مانگی یەكی ساڵی نوێ یانەكە جێدەهێڵێت.
سانتۆس تازە گەڕاوەتەوە خولی نایابی بەڕازیل و دەیەوێت بە گەڕاندنەوەی نەیمار پەیامێكی هۆشداری بۆ یانە ركابەرەكانی بنێرێت.
ئەمە لە كاتێكدایە لێلی پێرێرا خانمە سەرۆكی یانەی پالمیراس لە وەڵامی ئەوەی گرێبەست لەگەڵ نەیمار بكەن، بۆ فابریزیۆ رۆمانۆی رۆژنامەوان و پسپۆڕی بازاڕی گواستنەوە لە تۆڕی ئێكس قسەی كردووە و وتوویەتی “بڕۆ بابە نەیمارمان بۆ چییە، ئێمە سەنتەری چارەسەری پزیشكیمان دانەناوە”.
قسەكانی ئەو ژنە سەرۆك یانەیە وەك توانجێكە لە پێكانە بەردەوامەكانی نەیمار، كە لەوەتەی پەیوەندی بە هیلالەوە كردووە لە 2023ەوە تا ئێستا چەند یارییەكی كەمی بۆ تیپەكە كردووە و وەرزی رابردووشی بە پێكان بەڕێكرد، پێشناچێت تا كۆتایی 2024 یاریی بكات.
نەیمار 32 ساڵە و هێشتا هیوای ئەوەی هەیە بەهێز بگەڕێتەوە یاریگەكان، بەڵام پێكان بەرۆكی بەرنادەن و دیار نییە داهاتووی ئەم یاریزانە چۆن دەبێت.