بەڵگەنامە فەرمییەکانتان ئامادە بکەن
بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ رۆژانی سەرژمێریی گشتی بزانە
964+
شۆڕش قادری
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک بڕیاری بۆ رۆژانی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی سەرژمێری دانیشتووان دەرکرد و دەڵێت، ئەوانەی گوند و لادێکانیان خاپوو کراوە و شوێنی مانەوەیان نییە، دەتوانن لە شوێنی دانیشتنی ئێستایان لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان خۆیان ناونووس بکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 17.11.2024 کۆبوونەوەی لێژنەی باڵای ئەمنی تایبەت بە ئامادەکاری ئیداری و ئەمنی بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی سەرژمێری گشتی لەسەر ئاستی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بەڕێوەچوو و لە کۆبوونەوەکەدا ئەم بڕیارانە دران:
یەکەم: پاڵپشت بە نوسراوی ئەنجومەنی وەزیران/ سەرۆکایەتی دیوان ژمارە 15988 لە 14.11.2024، فەرمانبەران و کارمەند و ئەفسەران، ئەوانەی خەڵکی ڕەسەنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمن، پێویستە لە رۆژانی 17و 18 و 19ی تشرینی دووەم لەو شوێنانە بن بۆ ئەوەی لە لایەن بژمێرەکانی سەرژمێری زانیارییە سەرەتاییەکان تۆمار بکەن. دواتر پێویستە ڕۆژانی 20 و 21 ی تشرینی دووەم، وەکو ئەوەی لە ڕینماییەکانی وەزارەتی پلانداناندا هاتووە، لەو شوێنانە بمێنن بۆ ئەوەی بژمێرەکان پشتڕاستی زانیارییەکان بکەنەوە و دڵنیا بن لەوەی هیچ خانەوادەیەک یان ئەندامی خانەوادەیەک لەبیر نەکراوە. پێویستە هاونیشتیمانیان بەڵگەنامە فەرمییەکانی وەکو کارتی نیشتیمانی، یان ناسنامەی باری شارستانی و رەگەزنامە، لەگەڵ کۆبۆنی خۆراک لەگەڵ خۆیان ببەن و لەو ناوچانە خۆیان ناونووس بکەن. ئەوانەی گوند و لادێکانیان خاپوو کراوە و شوێنی مانەوەیان نیە، دەتوانن لە شوێنی دانیشتنی ئێستایان لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان خۆیان ناونووس بکەن بەڵام ئاماژە بە زێدی ڕەسەنی خۆیان بکەن و هۆکاری ڕاگواستن و دەرکردنیان تۆمار بکەن.
دووەم: دەربارەی دانیشتوانی خۆجێی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان، پێویستە هاونیشتیمانییان بەڵگەنامە فەرمییەکانی خۆیان وەکو کارتی نیشتیمانی، یان ناسنامەی باری شارستانی و رەگەزنامە، لەگەڵ کۆبۆنی خۆراک ئامادە بکەن بۆ ئەوەی بژمێر تەواوی زانیاری خێزانەکەیان بە ڕاستی و دروستی تۆمار بکات.
سێیەم: هەر هاووڵاتیەک بە هەر هۆکارێک لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان نیە، پێویستە خانەوادەکەی بەڵگەنامە پێویستەکانی وەکو کارتی نیشتیمانی، یان ناسنامەی باری شارستانی و ڕەگەزنامە، لە لای خۆیان ئامادە بکەن و پێشکەشی بژمێری بکەن بۆ تۆمار کردن.
چوارەم: بەمەبەستی جێبەجێکردنی پرۆسەی سەرژمێری، کاتژمێر 12ی شەوی 19 لەسەر 20 تا کاتژمێر 12ی شەوی 21 لەسەر 22ی تشرینی دووەمی 2024، لە سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە قەدەغەی هاتوچۆ ڕادەگەیەندرێ. هاووڵاتیان پێویست لە ماڵەکانیان بمێننەوە و چاوەڕێی بژمێرەکان بکەن تا سەردانیان بکەن و زانیارییەکانیان بە دروستی تۆمار بکەن. هاتنە دەرەوە و هاتوچۆی ناوشارەکان و نێوان شارەکان سنووردار دەبێت و تەنها تیمەکانی پۆلیس، ئاسایش، هاتوچۆ، بەرگری شارستانی، تیمەکانی تەندروستی، کارمەندانی تەکنیکی کۆمپانیاکانی بواری گەیاندن، کارمەندانی ئێشکگری کۆمپانیای بواری نەوت و وزە، دەرمانخانەکانی ئێشکگر، ڕۆژنامەنووسان، نانەواخانە و سوپەرمارکێتەکان بۆ خۆراکی سەرەکی، بە سنوورداری کراوە دەبن. هەر دامودەزگایەکی دیکەی کەرتی گشتی و تایبەت کە سروشتی کارەکانیان پێویست دەکات، بە سنوورداری ڕێگای هاتوچۆیان پێ دەدرێت. نوێنەران و کارمەندانی نێردە دیبلۆماسییەکان و دامەزراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و کەسانی بیانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان لە قەدەغەی هاتوچۆ ڕیزپەڕ دەکرێن.
پێنجەم: فڕۆکەخانە و دەروازە نێودەوڵەتییەکان بۆ گەشتیاری و هاتن و جولەی بازرگانی کراوە دەبن.
شەشەم: دەسەڵات دەدرێتە پارێزگار و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆکان بە مەبەستی دۆزینەوەی میکانیزمی گونجاو بۆ جێبەجێکردنی قەدەغەی هاتوچۆ و هاوکاریکردنی تیمەکانی سەرژمێری بۆ ئەوەی کارەکانیان بە دروستی ئەنجام بدەن.