راژان دەبێتە رازان

پڕۆسەى سەرژمێرى ناوە کوردییەکان دەشێوێنێت

964+

راژان باجەڵان – خانەقین

هەرچەندە بەپێى دەستوورى عێراق، زمانى عەرەبى و کوردى دوو زمانى فەرمى عێراقن، بەڵام لە ناونوسکردنى خەڵکى هەرێم ئەو ناوانەى کورددین، بەهۆى نەبوونى پیتى کوردى لە فۆڕمە ئەلیکترۆنییەکە ناوەکان بە پیتى عەرەبى دەنوسرێن و ئەوەش دەبێتە هۆى شێواندنى ناوە کوردییەکە.

چەند نمونەیەک:

راژان بووەتە رازان

شێرکۆ بووەتە شیرکو

باپیر بووەتە بابیر

ئاڵا بووەتە ئالا

گوڵزار بووەتە کولزار

گۆران بووەتە کوران

گەلاوێژ بووەتە کەلاویز

رێژوان بووەتە ریزوان

ژێکاف بووەتە زیکاف

شێنێ بووەتە شینى

ماوەى دوو رۆژە تیمەکانى سەرژمێرى و بژمێرەکان لە خانەقین کوچە و کۆڵانەکان دەگەڕێن بۆ ناونوسکردنى خەڵک، بەڵام نەبوونى پیتى کوردى لە فۆڕمە ئەلیکترۆنییەکە بووەتە هۆى شێواندنى ناوە کوردییەکان و ئەمەش نیگەرانى لاى ئەو کەسانە دروستکردووە کە ناوەکانیان کوردییە.

مەیسون نوری بەرێوەبەری فەرمانگەی ئاماری خانەقین بە 964ـى وت،” کێشەی پیتە کوردییەکان لە ناوەکانی خەڵکی خانەقین زۆر بە زەقی سەری هەڵداوە، بەڵام هیچ رێگە چارەیەک نییە و هەر بە پیتە عەرەبییەکان دەنوسرێن و بەشێکیشیان هەر لە رەگەزنامەکانیانیش بەو شێوەیە نوسراون، بەڵام بە هەر حاڵەتێک بێت تابلتەکان پیتی کوردییان تێدا نییە”.

وەک باسى دەکات، زۆربەى ناوە کوردییەکان، دواى ئەوەى بە پیتى عەرەبى دەنوسرێن ماناکەى لە دەست دەدات.

لاى خۆیەوە بڕیار عوزێر، زمانەوان بە 964ـى وت،”ناو نابێت بگۆڕدرێت، چونکە جگە لە مانا زمانەوانییەکەى لێکەوتەو کاریگەرى دەروونیشى دەبێت، بەڵام بە حوکمى ئەوەى هەر ناوێک هى هەر نەتەوەیەک بێت کە دەچێتە ناو نەتەوەیەکى دیکە دەخرێتە ژێر کاریگەرى زمانى ئەو نەتەوەیە، بەڵام لە عێراقدا، وەک چۆن زمانى عەرەبى زمانى فەرمییە، کوردیش زمانى فەرمییە، بۆیە نابێت ئەو گۆڕانە رووبدات”.

وەک باسى دەکات، لە رابردوودا کە سەرژمێرى کراوە ئەو کەسانەى بە پڕۆسەکە هەڵساون کوردیان نەزانیوە و شارەزاى ئەلف باى کوردى نەبووە، بۆیە ناوە کوردییەکان خراونەتە ژێر کاریگەرى ئەلف باى عەرەبى و زۆربەى ناوەکان بە هەڵە نوسراون.

ئەو باس لەوە دەکات، کەسێک ناوى هەمەرە کاتێک لێى دەپرسى هەمەر چییە، دەڵێت نازانم، ئەوە نەبێت ناوى عومەرە و لە گوندەکەیان بە هۆمەر بانگیان کردووە، لەپڕۆسەى سەرژمێرى پێشوتریش هۆمەرەکە کراوە بە هەمەر.

بڕیار عوزێر روونى کردەوە، لە جیاتى ئەوەى پڕۆسەى سەرژمێرى هەنگاوێک بێت بۆ راستکردنەوەى ناوە هەڵەکان، کەچى بووەتە هۆکارێک بۆ شێواندنى ناوە دروستەکان.

“ئێستا دەبێت تەگبیر لە کۆى ئەو ناوانە بکرێت کە هەڵەن و ئاسانکارى بکرێت بۆ گۆڕینیان یان راستکردنەوەیان، چونکە ئەوە کێشەیەکى گەورەیە و 33 ساڵە حکومەتى هەرێم بیرى لە راستکردنەوەى ئەو ناوانە نەکردووەتەوە کە بەشێکیان لە ناو خەڵکیدا وەک توانج بەکاردێن”، بڕیار عوزێر واى وت.

بەپێى مادەى 4 لە بەندى یەکەمى بنەما گشتییەکانى دەستوورى عێراقى فیدراڵدا هاتووە، زمانى عەرەبى و کوردى دوو زمانى فەرمین لە عێراقدا، ماقى سەرجەم عێراقیيەكان پارێزراوە لە فێركردنى رۆلَەكانيان بە زمانى دايكيان وەك توركمانى و سريانى لە دەزگاكانى فێركردنى دەولَەتدا بە پێى ياسا پەروەردەييەكان، يان بە هەر زمانێكى ديكە لە دەزگاكانى فێركردنى تايبەتدا.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

ئەمڕۆ بژمێرەكانی سەرژمێری لە هەولێر سەردانی ماڵان دەك...

ئەمڕۆ بژمێرەكانی سەرژمێری لە هەولێر سەردانی ماڵان دەكەن