بۆرییەكە شكابوو

سلێمانی ئاوی بەلوعەی دێتەوە

+964

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەو بۆرییە ئاوەی كە دوێنێ لە نزیك گوندی حاجیتان شكابوو، لەلایەن تیمەكانی ئاوی سلێمانی چاككرایەوە و بەڕێوەبەری سیانەی ئاوی سلێمانییش دەڵێت، ئەمشەو ئاو دەگاتەوە سلێمانی و دەست بەدابەشكردنی دەكرێت.

لە بارەی چاككردنەوەی بۆرییەكەوە ئامانج محەمەد، بەڕێوەبەری سیانەی ئاوی سلێمانی بە964ی وت، ئێوارەی ئەمڕۆ بۆرییەكە چاككرایەوە، ماوەی 28 كاتژمێر ئاوی بۆرییەكەمان لە دوكانەوە گرتەوە و دوای چاككردنەوەی دووبارە ئاو گلدراوەتەوە بۆ سلێمانی”.

وتیشی، شوێنی شكاوییەكە هی كاتی تێستكردنی سەرەتای دانانی بۆرییەكە بووە، بۆ گێچكردنی ئاوەكە بۆرییەكە شكێنرابوو، كە كاتەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی هەشتاكانی سەدەی رابردوو.

دوای چاككردنەوەی بۆرییەكە، ئاوەكە لە دوكانەوە كراوەتەوە بۆ سلێمانی و ئەمشەو ئاو دەدرێتەوە بە بەشێك لەو گەڕەكانەی بێ ئاو بوون، ئامانج محەمەد وای وت.

ئاماژەی بەوەش دا، بۆرییەكە هێڵی یەكی دوكان بۆ سلێمانییە و هەریەك لە گەڕەكەكانی، راپەڕین، قولەرەیسی، خاك و كەنەكەوەی ئیسكان و چەند گەڕەكێكی دیكەی سەرەتای شاری سلێمانی لەسەرە، بەڵام ئێستا ئەو  فشارە زۆرەی لەسەر نەماوە.

ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی بۆریی هێڵی دووی دوكان – سلێمانی، كە گەورەترە لە بۆریی هێڵی یەك و توانای گواستنەوەی ئاوی دوو ئەوەندەیە، نەیانهێشتووە كاریگەریەكی زۆری هەبێت لەسەر دابەشكردنی ئاو لەو گەڕەكانە و بە هێڵی دوو قەرەبووی ئەو گەڕەكانەیان كردووەتەوە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

بۆری گواستنەوەی ئاوی خواردنەوەی دوكان - سلێمانی شكا

بۆری گواستنەوەی ئاوی خواردنەوەی دوكان - سلێمانی شكا