بارانی بە لێزمە هەڕەشە لە شوێنەوارەکانی کۆیە دەکات
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
180 ناوچەی شوێنەواری کۆیە پێویستیان بە پاراستن و چاککردن هەیە، بەڵام بەرپرسی شوێنەواری شارەکە دەڵێت بودجەیان نییە و بەشێک لە شوێنەوارەکان باران تێکیداون.
کۆیە بە ناوچەی شوێنەواریی زۆر دەوڵەمەندە، بەڵام باران و لافاو ساڵانە زیان بەو ناوچە شوێنەوارییانە دەگەیەنێت.
یەکێتی واحید، بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری کۆیە بە تۆڕی964ی راگەیاند: گەورەترین کێشەی شوێنەوارەکانی کۆیە باران و لافاوە و ساڵانە بەو هۆیەوە بەشێک لە شوێنەوارەکان لەناودەچن و زیانیان پێدەگات.
دەشڵێت، چەندينجار بە نووسراو داوای دابینکردنی بودجەمان کردووە بۆ پاراستنی ئەو شوێنەوارانە، بەڵام وەڵام نەدراوینەتەوە.
بۆ ئەمساڵ حکومەتی هەرێم 47 گرێبەستی واژۆ کردووە لەگەڵ زانکۆ و تیمە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستن و هەڵکۆڵینی شوێنەوارەکانی هەرێم.
“یاداشتمان داوەتە شوێنەواری هەرێم و بێگومان لەو تیمانە بەشێکیان لە کۆیە دەستبەکار دەبن”، یەکێتی واحید وای وت.