ناویان هاتووەتەوە بۆ حەج
حەج و عومرەی دهۆک بەدوای 11 کەسدا دەگەڕێت
964+
ژووری هەواڵ
لە دهۆک ناوی 11 کەس هاتووەتەوە بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج، بەڵام وەڵامی پەیوەندییە تەلەفونییەکانی بەڕێوەبەرایەتی حەج وعومرە نادەنەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 13.11.2024، بەڕێوەبەرایەتی حەج وعومرەی هەرێمی کوردستان ناوی 11 کەسی بڵاوکردەوە کە دانیشتووی دهۆکن و رایگەیاند، هەر کەسێک زانیاری لەسەر ئەو ناوانە هەیە یاخود دەیان ناسێت ئاگادارییان بکەنەوە تاوەکو لە نزیکترین کاتدا سەردانی نوسینگەی حەج و عومرەی پارێزگای دهۆک بکەن.
ئەو 11 کەس ناویان گەڕاوەتەوە بۆ حەجی 2025 و پەیوەندییان پێوەکراوە بەڵام ژمارەکانیان بەردەست نین، بە پێچەوانەوە لەکاتی ئامادەنەبوونیان ناوی یەدەگ شوێنیان دەگرێتەوە، بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرە وا دەڵێت.
ئەمساڵ چوار هەزار و 685 هاوڵاتی لە هەرێمی کوردستان ناویان نوسیوە تا بچنە سعودیە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج و لە رۆژی 27ـی مانگی پێنجەوە یەکەم گەشتیان دەستیپێکردووە.
ئەو ژمارەیەی حاجیان تەنیا ئەوانەن کە بەڕێگەی فەرمی دەچن، هەشە بەرێگەی نافەرمی و بە ڤیزای یەکساڵی گەشت بۆ سعودیە دەکەن تاوەکو فەریزەی حەج ئەنجامبدەن، بە وتەی کاروان ستونی ئەمانە رووبەرووی سزا دەبنەوە لەلایەن حکومەتی سعودیەوە.
نرخی فەرمی رۆشتن بۆ سعودیە بە رێگەی ئاسمانی بەمەبەستی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، بە شەش ملیۆن و 350 هەزار دینار دیاریکراوە و نرخی وشکانییەکەش پێنج ملیۆن و 300 هەزار دینارە، هەر بەم پارەیە خزمەتگوزاری مانەوە لە هۆتێل و خواردن بۆ حاجیان دابیندەکرێت، وتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان وای وت.