ناوەڕۆکی سەردانەکەی نادیارە
راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان لە تارانن
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق قاسم ئەعرەجی، گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران و لەسەر راسپاردەی سەرۆك وەزیران سەردانەكەی ئەنجامداوە، وەزیری ناوخۆی كوردستانیش هاوشاندی ئەعرەجییە.
ئاژانسی دەنگوباسی عێراق ئەمڕۆ یەكشەممە 10.11.2024 بڵاویكردەوە، لەسەر راسپاردەی سەرۆك وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق قاسم ئەعرەجی بە سەرۆكایەتی شاندێكی باڵای ئەمنی گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران.
سەرچاوەكە هیچ زانیارییەكی لە بارەی ئامانجی سەردانەكە بڵاونەكردووەتەوە.
بەپێی ئەو وێنەی بڵاوكراوەتەوە، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستانیش هاوشاندی قاسم ئەعرەجییە و لە ئێرانیش لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران كۆبوونەتەوە.
لەم ماوەیەدا بەهۆی گرژییەكانی ناوچەكە و ئەگەری هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و بە پێچەوانەوە، عێراقیش كەوتووەتە نێوان ئەو بەرداشەوە، ئەمەش بەهۆی بوونی چەند گرووپێكی چەكداری لە ناو عێراق، كە ناوەناوە هێرشی درۆنی و مووشەك بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجام دەدەن و ئیسرائیلیش بە گرووپی سەر بە ئێرانیان دەزانێت، ئەمەش مەترسی هێرش كردنەسەر عێراقی لە لایەن ئیسرائیلەوە خستووەتە ئاراوە و پێدەچێت ئەعرەجی لەو چوارچێوەیەدا گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران بكات.