ئاگادارییە بۆ سەرجەم گەڕەکەکان
تانکی سەربان بشۆن، فەرمانگەی ئاوی شارەزوور ئاو هەڵدەکاتەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
فەرمانگەی ئاوی شارەزوور دەڵێت، خەمتان نەبێ ئەم ئاوەی ئێستا دەینێرین پاکە، تەنیا ئەوەیە با کاتژمێرێک ئاوەکە لەبەری بڕوات و پیسی لە بۆرییەکاندا نەمێنی، دواتر تانکی سەربانی پێ بشۆن و ئاو کۆگا بکەن.
964 ئاگاداری نامەیەکی فەرمانگەکەی بینیوە کە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 9.11.2024 بڵاوی کردووەتەوە، بۆ سەرجەم گەڕەکەکانی ناردووە و دەڵێت، داوا لە هاوڵاتییانی سەرجەم گەڕەکەکانی قەزای شارەزوور دەکەین، کە هەستن بە پاککردنەوەی تانکی ئاوی ماڵەکانیان لە کاتی ئاو هەڵکردنەوە بۆیان.
دەشڵێ، پێش ئەوەی ئاو بکەنە ناو تانکییەکانیان، سەعاتی یەکەم با ئاوەکە بڕوات، دواتر ئاو بکەنە ناو تانکی و بەکاری بهێنن و هیچ گرفتێکی نییە، داواکاریییەکەیان بۆ ئەوەیە، حاڵەتی سکچوون و رشانەوەی زیاتر روونەدات.
فەرمانگەکە تکا لە دانیشتووانی قەزاکە دەکات، بەدەم داواکارییەکەوە بچن، ئەوە لە دۆخێکدایە، لە شەوی چوارشەممەی هەفتەی رابردوەوە، لێشاوی توشبوون بە سکچوون و رشانەوە لە گەڕەکی هەواران و شارستانی قەزای شارەزوور بە گومانی پیسبونی ئاو تۆمار دەکرێ و زیاتر لە دوو هەزار و 500 کەسی تێ پەڕاندووە.