ئەگەر سرکە و مرەباى کوردى تەندروستت دەوێ بچۆ

سبەینێ ژنان و کچانى قەڵادزێ لە هەفتەبازاڕێکدا بەرهەمەکانیان نمایش دەکەن

964+

وریا فەتاح

گروپى خانمانى پەرى کە سەربە ماڵى کەلەپورى و رۆشنبیرى قەڵادزێیە، سبەینێ شەممە، بۆ جار دووەم هەفتە بازاری گروپی خانمانی پەری بەدروشمی “ژنان بەرەو‌ ئابوری سەربەخۆی خۆیان” لە ناوبازاری قەڵادزێ، دەکاتەوە.

ئەگەر سرکە و مرەباى کوردى و خواردنى کوردەوارى تەندروستت دەوێت، بەشدارى لەو هەفتە بازاڕەدا بکەن، چونکە ژنان بەرهەمە دەستییەکانى خۆیان و خواردنە کوردەوارییەکان پێشکەش دەکەن

عەلى قادر، لێپرسراوى ماڵى کەلەپورى و رۆشنبیرى قەڵادزێ بە 964ـى وت،”هەفتەبازاڕەکە جۆرێکە لە هەلى کار و ئەو خانمانەى کارى دەستى خۆیان دەکەن دەتوانن لە لە هەفتەبازاڕەکەدا بەشداربن و کەلوپەلەکانى خۆیان بفرۆشن”.

گروپى خانمانى پەرى گروپێکى ژنانە و کچانەى سەر بە ماڵى کەپەپوورى و رۆشنبیرى قەڵادزێیە و لە 11.11.2023 دامەزراوە.

عەلى قادر وتیشى،” گروپى خانمانى پەرى لە 80 ژن و کچ پێکهاتووە و لە رابردوودا 12 هەلیکارى بۆ ژنان دۆزیوەتەوە و ئێستا خاوەن پیشەى خۆیانن، لە پاڵ ئەوەشدا ماڵى کەلەپوورى بەشدارى بە 1300 ژن کردووە لەو خولانەى لە بارەى دوورمان و کارى دەستى کردویەتییەوە”.

هەفتە بازاڕەکە رۆژى 9.11.2024، کاتژمێر 10ـى بەیانى بۆ 6ـى ئێوارە لە بەردەم پارکى شار لە ناو بازاڕى قەڵادزێ بەڕێوە دەچێت، گروپەکە لەسەر بودجەى خۆیان هەفتە بازاڕەکە سازدەکەن.

وەک ئەوەى عەلى قادر باسى دەکات، لە جیاتى هاوکارى کردنى ژنان بە شێوەى ناڕێک و جیاواز، لە رێگەى ئەم کارانەوە وا دەکرێت هەم ژنان بجوڵێن و توانا و بەهرەکانى خۆیان پیشانبدەن، هەمیش بژێوى ژیان دابین بکەن و ببنە خاوەن ئابورى سەربەخۆى خۆیان.

روونیشى کردەوە، هەفتانە هەفتەبازاڕەکە بەردەوام دەبێت و داواش لە کچە خوێندکارانى بەشەناوخۆییەکانى زانکۆى راپەڕینیش کراوە بەشدارى بکەن و بە خواردن و پیشە دەستییەکانیان بژێوى ژیانیان پەیدا بکەن و بەشدارى بکەن.

لە رێگەى فێستیڤاڵێکەوە خانمانى ئیدارەى راپەڕین بەرهەم...

لە رێگەى فێستیڤاڵێکەوە خانمانى ئیدارەى راپەڕین بەرهەمەکانیان ساغ دەکەنەوە