لە خاڵس چی روویدا بوو؟
ئەو دوو کەسەی پاسەوانی پێشانگەکەیان کوشت قۆڵبەست کران
964+
ژوولی عەدنان
ئەو پاسەوانەی لە خاڵس ئاسایشی پێشانگەیەکی ئۆتۆمبێلی لە ئەستۆ بوو کوشتیان، وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، دوو تۆمەتباریان بە هۆکاری کوشتنەکەی لە هەرێمی کوردستان و موسڵ دەستگیر کردووە.
شەوی دووشەممەی ئەم هەفتەیە بوو، پاسەوانێک لە پێشانگەی ئۆتۆمبێل کوژرا و بەیانی سێشەممە 5.11.2024، تەرمەکەی دۆزرایەوە.
دەرکەوت کەسانێک پاسەوانەکەیان کوشتووە و ئۆتۆمبێلێکی گران بەهایان بردووە، وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە 7.11.2024، لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، بەمەبەستی دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی رووداوەکە ژووری ئەمنی پێک هێنراوە و زانراوە کە دوو تۆمەتبار ئەو کارەیان کردووە.
چونکە، لە ناو پێشانگەکەدا کامێرا هەبووە و پارەش بردراوە، وەزارەتەکە دەڵێت، زانیارییەکان لە نێوان فەرماندەییەکانی پۆلیس لە پارێزگای دیالە و پارێزگای کەرکوک ئاڵوگۆڕ کراوە، دەرکەوتووە کە تۆمەتبارێکیان چووەتە کەرکوک و لەوێشەوە گەیشتووە بە هەرێمی کوردستان، پاش هەماهەنگی دەستگیرکراوە.
هەروەها، تۆمەتباری دووەم خۆی گەیاندووەتە موسڵ، تیمێکی کاری هاوبەش پێکهێنراوە و لەکاتی لێکۆڵینەوەدا دەرکەوتووە ئۆتۆمبیلە دزراوەکەش لەلای ئەوە، توانراوە شوێنی تۆمەتبارەکە دەستنیشان بکرێ و دەستگیربکرێ، لەگەڵیدا دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەشدا گیراوە.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە بارەی سزای تۆمەتبارەکان نوسویەتی، تۆمەتباران بەپێی مادەی 406ی یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراون، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ رەوانەکردنیان بۆ دادگا پەیوەندیدارەکان تا وەرگرتنی سزای دادپەروەرانەی خۆیان.