ئاوەڵزاوای كوژراوەكەیە

تاوانبارانی قەتلوعامی خێزانەكەی بێجی دەستگیر كران

964+
ئەرسەلان عەبدوڵا

سەرچاوەیەك لە پارێزگای سەڵاحەدین رایگەیاند، ئەو تۆمەتبارانەی چەند رۆژێک لەمەوبەر خێزانێکیان قەتڵوعام کرد، دەستگیرکران، كە یەكێكیان ئاوەڵزاوای تاوانلێكراوەكەیە.

عادل ئەحمەد قایمقامی قەزای بێجی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین ئەمڕۆ هەینی 30.8.2024 ئاشكرای كرد، پۆلیس توانیویەتی تۆمەتبارانی تاوانی قەتلوعامی خانەوادەكەی بێجی دەستگیر بكەن.
ئاماژەی بەوەش دا تاوانەكە بە ئامانجی دزیكردن لە ماڵەكە كراوە.
نووسینگەی قایمقامی قەزای بێجی راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە، كە كۆپییەكی دەست 964 كەوتووە و تێیدا هاتووە، بە هەوڵی پۆلیسی سەڵاحەدین ئەو تۆمەتبارانە دەستگیركران، كە خانەوادەی سەفا حەمید شاكر ئەلجەنابیان قەتلوعام كرد و دەركەوتووە تاوانەكە بە مەبەستی دزینی پارە و زێڕ كراوە.
هەروەها ئاشكرایان كردووە، یەکێک لە بکوژەکان ئاوەڵزاوای پیاوەكەیە و بەیەكەوە لە یەك شوێندا كار دەكەن و ئەوی دیكەش هاوڕێی ئاوەڵزاوەی كوژراوەكەیە و لە تكریت قادسیە و دیوم نیشتەجێن، توانراوە لە قەزای بەلەد دەستگیر بكرێن و ئەو ئۆتۆمبێلەشیان پێبووە، كە تاوانەكەیان پێ ئەنجامداوە و دانیشیان بە تاوانەكەیاندا ناوە.

چوارشەممەی رابردوو لە قەزای بێجی خێزانێك قەتلوعام كران و تەرمەكانیشیان سووتێندرا، كە پێكهاتبوون لە پیاوێك و ژنەكەی و كچێكی تەمەن 15 ساڵان.

بەڕێوەبەری پۆلیسی بێجی لە پۆستەکەی دوورخرایەوە

بەڕێوەبەری پۆلیسی بێجی لە پۆستەکەی دوورخرایەوە