لە هەولێر
خاوەن پێداویستی تایبەتن و داهات بۆ نەخۆشخانەی نانەکەلی كۆدەكەنەوە
964+
دەشتی عارف ـ هەولێر
قوتابیانی زانکۆی نۆلج لە هەولێر فێستیڤاڵێکی تەندروستی و فۆلکلۆرییان رێكخستووە، ئامانج لێی هۆشیارکردنەوە و ناساندنی نەخۆشییەکانە بەتایبەت شەکرە، هەروەها ئەو داهاتەشی لەوێ کۆدەکرێتەوە، پێشكەشی نەخۆشخانەی نانەکەلی دەكرێت.
بۆکان عەزیز، خاوەن پێداویستی تایبەت، لە فێستیڤاڵەکەدا بە کاری دەستی بەشدار بووە و دەڵێت، “خۆم و خوشکەکەم خاوەن پێداویستی تایبەتین و لە ساڵی 2019ەوە کاری دەستی دەکەین و جوانکاری خانمان و پیاوان دروست دەکەین لە بەرد و موروی تایبەت، نرخەکانیشی لە 3 هەزارە دەست پێدەکات، جیا لە کەرەستەی جوانکاری کڵاو، کۆڵوانە، جلی کوردیش بە بەرد و مورو دەڕازێنینەوە”.
جینان کاوە، خوێندكارێكی بەشدارە لە فێستیڤاڵەکە، باسی جۆرەکانی شەکری بازاڕ و شەکری سروشتی بۆ 964 کرد و وتی، “باشترین جۆری شەکر شەکری سروشتی ناو میوەکانە وەک (پرتەقاڵ، کێوی، هەنار و ئەوانی دی)، هەروەها دەتوانین لە جیاتی شەکری سپی، شەکری ئەستیڤیا بەکاربهێنین کە زۆر باشترە لە شەکری سپی”.
ئایە محەمەد، رێکخەری فێستیڤالەکە، بە 964ـی وت، ساڵانە فێستیڤاڵەكە لە زانکۆی نۆلج ئەنجام دەدرێت و ئامانج لێی نیشاندانی ئەو کار و پرۆژانەیە و داهێنانەیە کە گەنجان دەیکەن، هەروەها ئەو بڕە پارەیەی کە لە فێستیڤاڵەكەدا دەستدەکەوێت، هەمووی بۆ نەخۆشانی نەخۆشخانەی نانەکەلییە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا