بە چاندنی 700 نەمام و سەوزکردنی قەزاکە
ژمارەیەک گەنج دەیانەوێت خورماتوو لە بیابانبوون بپارێزن
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
لەپێناو سەوزکردنی قەزای خورماتوو و رزگارکردنی ناوچەکە لە بیابانبوون، ژمارەیەک گەنجی کورد، خۆبەخشانە 700 نەمام دەچێنن.
محەمەد رەشید سەرپەرشتیاری گروپی خۆبەخشانی خورماتوو بە 964ـی وت، “ھەڵمەتێکمان بۆ چاندنی 700 نەمام دەستپێکردووە و جگە لەو سەوزکردنی شەقامەکان، نەمام بەسەر ھاوڵاتیاندا دابەش دەکەین بۆ ئەوەی لەبەردەم ماڵەکانیاندا بیڕوێنن”.
“تێچووی ئەم هەڵمەتە لە ئەستۆی خۆمانە، بەڵام نیگەرانین لەوەی کە دوای چاندنی نەمامەکان، خەڵکانێکی نابەرپرس ئاژەڵەکانیان لەناو کۆڵان و شەقامەکان بەرەڵا بکەن و ئاژەڵەکانیش نەمامەکان لە ریشەوە ھەڵدەکێشن”، محەمەد رەشید وای وت.
هەوڵی دابینکردنی پارە بۆ قوتابخانە تەواونەکراوەکانی دوزخورماتوو دەدرێ
لەوبارەیەشەوە مەرعی رەشید بەڕێوەبەری شارەوانی خورماتوو بە964ـی وت، “لێپێچینەوەی توندی یاسایی لەو کەسانە دەکەین کە ئاژەڵ و مەڕوماڵات لەنێو شەقامەکان بەڕەڵا دەکەن و لەحاڵەتی دووبارەبونەوەیان، خاوەنەکانیان دەستگیر دەکرێن”.
رێژەی سەوزایی دوزخورماتوو کەمترە لە %10 و ناوەبەناوە گەنجانی خۆبەخشی قەزاکە هەڵمەتی نەمام چاندن و سەوزکردنی ناوچەکەیان رادەگەیەنن.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری