"230 مەترە"
زیاتر لە مانگێکە سایدێکی شەقامی دەروازەی دەربەندیخان ھەڵکەندراوە و جێھێڵراوە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
سایدێکی شەقامی دەروازەی قەزای دەربەندیخان لە بەردەم بەنزینخانەی چیا کە نزیکەی 230 مەتر درێژە، ماوەی زیاتر لە مانگێکە بەمەبەستی نۆژەنکردنەوە ھەڵکەندراوە و تائێستا قیرتاو نەکراوەتەوە.
سلێمان محەمەد، قایمقامی قەزای دەربەندیخان بە 964ـی وت،”نۆژەنکردنەوەی ئەو شەقامە لەسەر بودجەی شارەوانی قەزاکەیە، لە 30ی مانگی ئەیلولی ئەمساڵ ھەڵکەندراوە بەمەبەستی نۆژەنکردنەوەی و بڕی 200 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە”.
“تێکەڵەی شەقامەکە نێردرابوو بۆ پشکنین، بەڵام لە پشکنین دەرنەچوبوو، ئێستا جارێکیتر تێکەڵەیان ناردۆتەوە بۆ پشکنین و تا ئێستا وەڵامەکەی نەگەڕاوەتەوە”، سلێمان محەمەد وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو 230 مەترەی شەقامەکە کە نۆژەندەکرێتەوە، 100 مەتری لە ئەستۆی کۆمپانیای جێبەجێکاری دەروازەی دەربەندیخانە، 130 مەترەکەی دیکەشی لە ئەستۆی شارەوانیە.
قایمقامی دەربەندیخان وتیشی، “نازانرێت کەی دەست دەکرێتەوە بە کارکردن تێیدا و چاوەڕێی وەڵامی پشکنینی تێکەڵەکەین، تیمی ئەندازەی شارەوانی و کۆمپانیاکەم راسپاردووە کە پشکنینەکەی دەرچوو، بەخێرایی کاری تێدا بکەن و تەواوی بکەن”.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری