"به‌ڵێنده‌ره‌كانى گواستنه‌وه‌ به‌رپرسیار كراون"

له‌ هه‌ولێر رێکارەکانی هاتوچۆى قوتابیانى قوتابخانه‌كان تووندتر کراون

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌ هه‌ولێر كار له‌سه‌ر یه‌كخستن و رێكخستنه‌وه‌ى هاتوچۆى قوتابیانى قوتابخانه‌كان ده‌كرێت و په‌روه‌رده‌ى هه‌ولێریش ده‌ڵێت، چه‌ندین رێنمایی و مه‌رج له‌سه‌ر ئه‌و به‌ڵێنده‌رانه‌ داندراوه‌، كه‌ كارى هاتوچۆپێكردنى قوتابیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گشتیی په‌روه‌رده‌ى هه‌ولێر، له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی رێكخست، كه‌ تێیدا به‌شه‌كانى كاروبارى تەکنیکی و یاسایی و په‌روه‌رده‌ و نوێنەر و لایەنەکانی هاتوچۆ، گواستنەوە و گەیاندن، باج و دەرامەت و توندوتیژی دژى ژنانیش به‌شداربوون.

نه‌وزاد عه‌بدوڵا، وته‌بێژى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گشتیى په‌روه‌رده‌ى هه‌ولێر، به‌ 964ـى راگه‌یاند، ساڵانه‌ كارى رێكخستنه‌وه‌ بۆ هاتوچۆكردنى قوتابیان ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌مساڵ رێكاره‌كان تووندتر كراونه‌ته‌وه‌.

وتیشی “ئه‌و به‌ڵێنده‌رانه‌ى له‌رێگه‌ى ئۆتۆمبێله‌وه‌ هاتوچۆ به‌ قوتابیان ده‌كه‌ن، چه‌ندین رێنمایی و مه‌رجیان له‌سه‌ر داندراوه‌، بۆ ئه‌وه‌ى قوتابیان له‌ كاتى هاتوچۆكانیاندا سه‌لامه‌ت بن”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، هه‌ر حاڵه‌تێكی نایاسایی و نه‌خوازراو له‌ كاتى هاتوچۆپێكردنى ئه‌و قوتابیانه‌ به‌دی بكرێت، به‌ڵێنده‌ره‌كان به‌ به‌رپرسیار داده‌ندرێن.

به‌ پێى ناوه‌ڕۆكى ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ى ئه‌نجامدراوه‌، به‌ وردى باس له‌ سەلامەتی و پاراستنی گیانی قوتابیان و ئەو رێککارە یاساییانەی، کە تایبەتن بە سەلامەتی و لەبەرچاوگرتنی باری کۆمەڵایەتیی قوتابیان، كراون و لیژنه‌یەكی تایبه‌تیش داندراوه‌ بۆ چارەسەركردنی هه‌ر گرفتێك، كه‌ له‌ كاتى هاتوچۆپێكردنى قوتابیان رووبه‌ڕوویان ببێته‌وه‌.

جڕت و چەقەنەی ناو پاسەکان سزای هاتوچۆی له‌سه‌رە

جڕت و چەقەنەی ناو پاسەکان سزای هاتوچۆی له‌سه‌رە