80٪ی سەوزاییە
خانووی ژنێک لە دهۆک بووە سەوزترین خانووی کوردستان
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
خانووی ژنێک لە شاری دهۆک بە سەوزترین خانوو لە هەرێمی کوردستان دیاریکرا.
ساڵانە رێکخراوی ژینگەدۆستی کوردستان بە هەماهەنگی فەرمانگەی ژینگەی شارەکانی هەرێم، خانوویەک وەک سەوزترین خانوو هەڵدەبژێرێت.
زیاتر لە مانگێک لەمەوبەر پێشبڕکێیەکی ئۆنلاینیان ئەنجامدا و هەمووان وێنەی ماڵەکەی خۆیان بۆ گرووپەکە نارد، زیاتر لە 100 کەس بەشداری پێشبڕکێکەیان کرد و تەنیا لە شاری دهۆک زیاتر لە 40 کەس بەشداریان کرد، بۆ ئەمساڵ خانووی ژنێک لە شاری دهۆک وەک سەوزترین خانوو لە هەرێمی کوردستان هەڵبژێردرا.
"رێژەی سەوزایی لە دهۆك زیاترە لە 13%"
نارین مەحمود خاوەنی سەوزترین خانوو لە شاری دهۆک بە 964ـی وت ، “زیاتر لە 20 ساڵە گوڵ و درەخت و سەوزەمان هەیە لەناو ماڵەکەماندا، جگە لەوەش دەورووبەری ماڵەکەم بە درەختی بەرهەمدار وەک هەنجیر، کۆخ و قەیسی رازاندووەتەوە”.
“مانگێک پێش ئێستا بە ئؤنلاین وێنەی ماڵەکەمم نارد بۆ پێشبڕکێکە، دواتر پەیوەندیمان پێوەکرا و وتیان، خانووەکەتان بە سەوزترین خانوو هەڵبژێردراوە، چونکە زیاتر لە 80%ی خانووەکە سەوزاییە”، نارین مەحمود وای وت.
ساڵی رابردووش، خانوویەک لە شاری هەڵەبجە بە سەوزترین خانوو لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان دیاریکرا.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری