دهۆک دەیەوێت روبەڕووی وشکەساڵی ببێتەوە

+964

زەید کۆچەر -دهۆک

چەند ساڵێک بوو بە هۆی وشکەساڵییەوە، لە پارێزگای دهۆک مۆڵەتی لێدانی بیری ئاو وەستابوو، بەڵام لە ئێستادا لەسنووری ئەو پارێزگایە مۆڵەتی لێدانی 100 بیر دراوە بە هاوڵاتیان، بەمەبەستی ئاودانی داغڵودان.

تۆڕی964 زانیویەتی، ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای دهۆک 700 دۆنم زەوی دەغڵودانی لێچێنراوە.

ئەحمەد جەمیل، بەرێوبەری گشتی چاندنە لە پارێزگای دهۆک، بە تۆڕی964ی وت “بڕیارەکەی ئێمە بە هەماهەنگی پارێزگای دهۆک و بەڕێوەبەرایەتی ئاوی ژێرزەوی بووە، چونکە دوو ساڵە لە دهۆک بەپێی پێویست باران نەباریوە”.

ئەحمەد جەمیل، ئەوەش دەڵێت: لەمەوبەدوا ئەو جوتیارانە دەتوانن دەستبکەن بە لێدانی بیرەکان لە رێگەی کۆمپانیای تایبەتمەندەوە، ژمارەی ئەو بیرانەی رەزامەندیان لێدراوە 100 بیری ئاوە”.

ئەو بڕیارەی پارێزگای دهۆک ئەمڕۆ سێشەممە 31ی کانونی دووەم دراوە، ئەمە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ دەزگای کەشناسی هەرێم  لە ئاماری 24 کاتژمێری رابردووی بارانبارین ئاماژەی بەوەکردوە کەمترین رێژەی بارانبارین لە پارێزگای دهۆک بووە، بەجۆرێک لەو ماوەیە تەنیا 2.2 ملیم باران باریوە.

وێنە؛ +964