ئایا هەولێر شارێكی عەرەبییە؟

هەولێر میوانداریی كۆنگرەی شارە عەرەبییەكان دەكات

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، شاری هەولێر دیاریكراوە بۆ میوانداریكردنی كۆنگرەی شارە عەرەبییەكان.

ئومێد خۆشناو ئەمڕۆ دووشەممە 28.10.2024 بە تۆڕی 964ی راگەیاند، لە عەبدولڕەحمان عەسفوور، ئەمیندارى گشتیى رێکخراوى شارە عەرەبییەکان سەردانی كردوون و پێیان راگەیاندوون، شاری هەولێریان بۆ میوانداریكردنی كۆنگرەی شارە عەرەبییەكان دیاریی كردووە لە ساڵی 2025.

وتیشی، ئەمینداری رێكخراوی شارە عەرەبییەكان پێیان راگەیاندوون، هەولێریان  وەک ئارامترین و سەقامگیرترین شار لە ناوچەکەدا دەستنیشان کردووە بۆ ئەنجامدانى کۆنگرەكە.

“ئێمە خۆشحاڵین بە دەستنیشانکردنی هەولێرى پایتەخت بۆ ئەنجامدانى کۆنگرەی رێکخراوەكە و هەموو ئاسانکارییەكیان بۆ دەكەین”، ئومێد خۆشناو وای وت.

رێکخراوى شارە عەرەبییەکان لە ئاداری 1967 دامەزراوە و ئەمیندارەكەی كوێتییە، وەك خۆیان لە ویباسیتی رێكخراوەكە ئاماژەیان پێكردووە، یەكێك لە ئامانجەكانیان پاراستنی ناسنامەی شارە عەرەبییەكانە.

ئومێد خۆشناو بە 964ی وت، “منیش پرسیارم لە بەرپرسانی رێكخراوەكە كرد بۆچی هەولێرتان هەڵبژاردووە بۆ كۆنگرەكە، لە كاتێكدا هەولێر شارێكی كوردییە، ئەوان لە وەڵام وتیان تەنیا لەبەر ئارامی و سەقامگیری و پێشكەوتنەكانی، هەولێرمان هەڵبژاردووە.

بەشێكی دیكەی ئامانجەكانی رێكخراوەكە، پێشخستنی شارەكان و چارەسەركردنی كێشەكانیان و بەرزكردنەوەی ئاستی رۆشنبیری و دروستكردنی پەیوەندییە لە نێوان هاوڵاتیانی ئەو شارانەی لە ناو رێكخراوەكەدا ئەندامن.

پارێزگاری هەولێر بۆ 964: سەرۆكی شارەوانیی ئیستەنبوڵم دا...

پارێزگاری هەولێر بۆ 964: سەرۆكی شارەوانیی ئیستەنبوڵم داوەتی هەولێر كرد