"قوربانی زۆرمان داوە"
دەم پارتی: ئازادی عەبدوڵا ئۆجەلان نەک وتەی تەسلیمبوون
964+
ئەحمەد مستەفا
دەم پارتی داوا دەکات، پێش هەموو شتێک ئازادیی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بکرێتە گرنگی زەمینەی دانوستاندن و دیالۆگ، پێشی وایە بۆ پڕۆسەی ئاشتی پارتەکەی قوربانی زۆری داوە لە تورکیا.
ئەمڕۆ یەکشەممە 27.10.2024 لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، ئەنجومەنی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان “دەم پارتی”، کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا، لە بڵاوکراوەیەکدا پارتەکە لەبارەی پڕۆسەی ئاشتی دەڵێت، دەم پارتی ساڵانێکە قوربانی زۆری داوە لە پێناو هێنانە ئارای ئاشتیی و هەموو ئەو بەرانەی دژ بە ئاشتیین جێگەی شەرمەزاریان بوون.
پارتەکە لە بارەی هەنگاوەکانی پڕۆسەکە، لەسەر چارەسەری نوێ وەک خاڵێکی ئەرێنیی دەبینێ، بەڵام دەڵێت، “سەرلەنوێ بڵاوکردنەوەی وتەی تەسلیم بوون، هاوکاری چارەسەری پرسی کورد و کێشەکانی تورکیا ناکات”. ئاماژە بەوەشکراوە بۆ هێنانەئارای ئاشتیی و چارەسەری راستەقینە هەنگاوی سەرەتا و کاریگەر لابردنی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجەلانە.
حکومەتی تورکیا هەوڵی ئارامکردنەوەی دۆخی نێوان خۆی و پارتی کرێکارانی کوردستان “پەکەکە” دەدات، بۆ ئەمەش بەشێک لە پارتەکان داوای دەستپێکردنەوەی هەنگاوەکانی پڕۆسەی ئاشتی دەکەن، لە کاتێکدا عەبدوڵا ئۆجەلان کە تەمەنی 75 ساڵە و 25 ساڵە لە دوورگەی ئیمراڵی زیندانی کراوە، لە بارەی پڕۆسەکەکە وتوویەتی، هەلومەرج بڕەخسێنرێت هێزی تیۆری و پراکتیکی ئەوەم هەیە قۆناغەکە لە زەمینەی شەڕەوە بپەڕێنمەوە بۆ زەمینەی یاسایی و سیاسیی.