سلێمانی.. داوای قەدەغەکردنی چالاکییە جێندەرییەکان دەکرێت

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

نۆ ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داوای قەدەغەکردنی چالاکییەکانی تایبەت بە جێندەر لە فەرمانگەکانی حکومەت دەکەن، بۆ ئەمەش داوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا دەکەن.

یاداشتەکە لە لایەن لیژنەکانی تەندروستی، یاسا و ژینگەوە پێشکەشکراوە و رێکەوتی 30ـی کانونی دووەمی 2023ـی بەسەرەوەیە، هۆکاری پێشکەشکردنی یاداشتەکەی تێدا روونکراوەتەوە.

لە یاداشتەکەدا هاتووە “ئەو جۆرە چالاکییانە دەبێتە هۆی تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگە و مەترسی بۆ سەر گەنجان و نەوەکانمان”.

سەباح فەتاح، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی 964ـی راگەیاند: ئەوە هێشتا یاداشتە و دەخرێتە بەرنامەی کاری ئەنجومەنەکەنەوە و گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.

تۆڕی964 دەزانێت، یاداشتەکە ئاراستەی سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کراوە بۆ واژوو کردنی، بەڵام تەنیا نۆ ئەندامی ئەنجومەنەکە یاداشتەکەیان واژۆ کردووە.