بە هەرەوەزی سەرقاڵن

سەرمای هەورامان دروستکردنی رووبەهەناری پێشخست

964+
ئەمەل ناجی – ھەورامان

گەرچی ئەمساڵ وادەکەیان پێش خستووە، بەڵام ساڵانە لە سەرەتای مانگی یانزە دا، پیاو و ژنانی هەورامان دەست دەکەن، بە رنینی ھەنار و درووستکردنی رووبەھەنارە لە ھەورامان.

ئەمساڵ بەھۆی ھاتنی سەرماوە کەمێک کارەکەیان پێشکەوتووە و چەند رۆژێکە خاوەنباخەکان دەستیانکردووە بە رنین و داتەکاندنی ھەنار، بۆ ئەوەی کابانەکانیان رووبەھەناری لێ درووست بکەن.

ئەختەر حەمەعەلی، کابان و خانمێکی ھەورامانە بە 964ی وت، رووبەھەناری ھەورامان، دەرەجە یەکە و لەھیچ شوێنێک رکابەری نییە، بۆیە ھەموو ساڵێک، بۆ ماوەی چەند رۆژێک بەشێوەی ھەرەوەزی کۆدەبینەوە، و ئەو ھەنارانەی کە بۆ رووبەھەنار دەبن، دەیانکەین بە شەربەت و دواتریش شەربەتەکە دەکوڵێنین، تا خەست دەبێتەوە و دەبێتە رووبەھەنار.

بە وتەی ئەختەر حەمەعەلی، جگە لە رووبەھەنار، شەربەتەکە، دەکرێتە ناو فرێزەرەوە، و ھەڵدەگیرێت، و رەمەزانان سوودی لێوەردەگرن، ھەروەھا دەکرێت بە ترشیاتیش.

رووبەھەنار بە گشتی لەو ھەنارانە درووست دەکرێت، کە ترشن و بۆ خواردن نابن، دوای دەنککردنیان، دەنکە ھەنارەکان دەشێلدرێن و شەربەتەکەی دەپاڵێورێت، و دواتر لەسەر ئاگر بۆ ماوەی نزیکەی شەش کاتژمێر دەکوڵێنرێت، تا خەست دەبێتەوە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

"هەنارەکانمان رنیوە بۆ فێستیڤاڵەکە چاوەڕێتانین"