رۆناڵدۆ چێشتلێنه‌رێكی پێویسته‌

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

كریستیانۆ رۆناڵدۆ ئه‌ستێره‌ی ناوداری تۆپی پێ، پێویستی بە چێشتلێنەرێک هه‌یه‌ بۆ کۆشکه‌كه‌ی له‌ پۆرتوگال، به‌ڵام مه‌رجی تایبه‌تیشی هه‌یه‌.

رۆناڵدۆ، كه‌ ئێستا له‌ یانه‌ی نه‌سڕی سعوودی یاری ده‌كات، له‌ ئێستاوه‌ كار بۆ كاتی وازهێنانی له‌ یاریكردن ده‌كات، بۆ ئه‌مه‌ش كۆشكێك له‌ پۆرتوگال دروستده‌كات، هه‌روه‌ها رایگه‌یاندووه‌ پێویستی به‌ چێشتلێنه‌رێك هه‌یه‌.

رۆناڵدۆ مووچەیەکی زۆری بۆ چێشتلێته‌ره‌كه‌ دیاریکردووه‌، كه‌ 5200 یۆرۆیه‌ له‌ مانگێكدا، بەڵام دەستکەوتنی کار لە کۆشکی دۆن کارێکی ئاسان نییە، چونكه‌ ئه‌و له‌گه‌ڵ خێزانەکەی چەند مەرج و تایبەتمەندییەکیان بۆ کاری چێشتلێنەرەكه‌ دیاریكردووه‌.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی رۆژنامه‌ی Correio de Manhaی پۆرتوگالی، كه‌ هه‌واڵه‌كه‌ی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، مه‌رجی یەکەمیان ئەوەیە چێشتلێنەرەکە خواردنی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بزانێت، وەک سووشی ژاپۆنی و ماسی برژاو، كه‌ خواردنی دڵخوازی كریستیانۆن.

هه‌روه‌ها گرنگترین مه‌رج ئه‌وه‌یه‌، چێشتلێنه‌ره‌كه‌ ده‌بێت كه‌سێك بێت پارێزگاری له‌نهێنییه‌كانی ناو ماڵی رۆناڵدۆ بكات و نابێت هیچ زانیارییه‌ك بباته‌ ده‌ره‌وه‌.

رۆناڵدۆ زه‌وییه‌كی له‌ نزیك لیشبۆنای پایته‌ختی وڵاته‌كه‌ی هه‌یه‌، كه‌ رووبه‌ڕه‌كه‌ی دوو هەزار و 720 مه‌تره‌، ده‌یه‌وێت كۆشكێكی لێ دروستبكات و دوای وازهێنانی له‌ یاریكردن له‌وێدا ژیان به‌سه‌رببات.