بەغدا وادەڵێت

“بەم زووانە كەمپی ئاوارەكان لە هەولێر دادەخرێن”

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

وەزارەتی کۆچ و كۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، داخستنی کەمپی ئاوارەکان لە  هەولێر نزیكبووەتەو، هەروەها چەند راسپاردەیەكی سەبارەت بە كەمپەكانی دهۆك خستەڕوو.

عەلی عەباس، وتەبێژی وەزارەتی کۆچ و كۆچبەرانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە: رێککەوتنێک هەیە کە لە ساڵی 2021 لە نێوان وەزارەتەکانی کۆچ و پلاندانان ئەنجامدراوە، کە ئامانج لێی داڕشتنی پلانێکی ستراتیژییە بۆ داخستنی دۆسیەی ئاوارەكان بە هاوکاری رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، كە پاڵپشتیی حکومەتی وەرگرتووە و لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەندکرا.

ئاماژەی بەوەش کردووە، “وەزارەت بەردەوامە لە جێبەجێکردنی پلانی داخستنی كەمپەكان، بەڵام هەندێك پابەندبوون لەسەر دامەزراوەکانی دیکەی حکومەت هەیە، وەک وەزارەتەکانی پەروەردە، تەندروستی و شارەوانی، بەو پێیەی دەبێت هەڵومەرجی گونجاو بۆ ئەو ناوچانە بڕەخسێنن كە ئاوارەكان بۆی دەگەڕێنەوە.

“ئەو دامەزراوانە تا رادەیەک لە كارەكانیان دواکەوتوون، بە تایبەتی کە پلانی ساڵی 2021 لە ساڵی 2022 جێبەجێ کرا و لەو کاتەدا هیچ بودجە و تەرخانکردنی دارایی نەبوو، دوای ئەوە نەتەوە یەکگرتووەکان دیدگایەکی بۆ میکانیزمەکە خستەڕوو بۆ جێبەجێکردنی پلانی ساڵی 2021 و دەستمان کرد بە کارکردن لەسەری”، وتەبێژی وەزارەتی کۆچ و كۆچبەرانی عێراق وای وت.

روونیشیکردەوە، “زۆربەی کەمپەکان دەکەونە ناوچەی کوردستان، کە دیدگایەکیان هەبووە ئەو کەمپانە لەو کاتەدا دانەخەن، بەڵام وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق کەمپەکانی سلێمانی داخست، رێکارەکانیش بەردەوامن بۆ داخستنی کەمپەکانی هەولێر”.

ئاماژەی بەوەش کردووە، سەبارەت بە دهۆک، ئەو کەمپانەی ئێستا هەن 16 کەمپن، زۆرینەی دانیشتووانیان ئێزدین، هەروەها لیژنەی هاوبەش پێکهێنران کە کۆمەڵێک خاڵیان خستەڕوو، کە دەبێت پابەندبن پێیانەوە، لەوانە جێبەجێکردنی رێککەوتنامەی شنگال، کە تێیدا راسپاردەی هاوبەشیان بۆ دانراوە و پێشکەشی سەرۆکوەزیران کراوە و وەزارەت چاوەڕێی وەڵامە.

کەمپی ئاشتی پاش ئاوارەکان، پەنابەری سیاسی بۆ دەبرێت؟

کەمپی ئاشتی پاش ئاوارەکان، پەنابەری سیاسی بۆ دەبرێت؟

عەباس عەلی، وتەبێژی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق دەڵێت، رێککەوتنی شنگال لە نێوان حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆكراوە، كە پێكدێت لە ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال، دەستنیشانكردنی قایمقامێك بۆ قەزاكە و چەند وردەكارییەكی دیكە، كە هێشتا جێبەجێ نەكراوە.

ئەوەش دەخاتەڕوو، ئەو هۆكارانە بوونەتە هۆی دواكەوتنی جێبەجێكردنی پلانی ستراتیژی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ شوێنی خۆیان.

لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێت، گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان بەردەوامە و تەنیا دوو ناوچە ماون، کە یەکێکیان “جورف ئەلنەسڕ” کە تا ئێستا ناوچەیەکی ئەمنیی داخراوە و بڕیارەکەی پەیوەستە بە رەهەندە ئەمنی و سیاسییەکانەوە.

بەپێی ئامارێکی بەرێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک، كە لە مانگی ئابی رابردوو بڵاویكردەوە، نزیکەی 10هەزار خێزانی ئاوارە لە سنووری دهۆک ناوی خۆیان تۆمارکردبوو بۆ گەڕانەوە بۆ شەنگال، لەم ژمارەیەش زیاتر لە دوو هەزار خێزانیان گەڕاونەتەوە و نزیکەی 22 هەزار و350 خێزانیش لە کەمپەکاندا ماون.

حکومەتی عێراق پێشتر بڕیاریدابوو لە 30ـی تەممووزی ئەمساڵ تەواوی کەمپەکان لە ھەرێمی کوردستان دابخرێن، بەڵام بڕیارەكە هێشتا بە تەواوی جێبەجێ نەكراوە.

مامەڵەی ئاوارەکانی شەنگال راگیرا

مامەڵەی ئاوارەکانی شەنگال راگیرا