یارییەكە لە دهۆكە
ئەمڕۆ یانەی دهۆک بەرەو نازناوێكی عەرەبی هەنگاو دەنێت
ئەرسەلان عەبدوڵا
لە یاریی كردنەوەی پاڵەوانیەتیی یانەكانی كەنداو لە تۆپی پێ، ئەم ئێوارەیە یانەی دهۆک لە یەكەم یاریدا میوانداریی یانەی ئەهلیی سەنعای یەمەنی دەكات.
ئەم ئێوارەیە لە دهۆك هەڵایە و یارییەكی گرنك هەیە، كاتێك یانەی دهۆک لە یەكەم یاریی پاڵەوانیەتیی یانەكانی كەنداو، میوانداریی یانەی ئەهلیی سەنعای یەمەنی دەكات.
یارییەكە كاتژمێر 08:00 دەستپێدەكات و چاوەڕوان دەكرێت هاندەرانی دهۆک یاریگە پڕ بكەن.
ئەمە یەكەم یاریی دهۆكە لە پاڵەوانیەتییەكە، كە بە بەشداریی هەشت یانە بەڕێوەدەچێت و بەسەر دوو كۆمەڵە دابەش كراون.
یانەی دهۆک لە كۆمەڵەی یەكەمە لە تەك ئەهلی سەنعای یەمەنی، نەسڕی ئیماراتی و زەففاری عومانی، كۆمەڵەی دووەمیش یانەكانی عەرەبی قەتەڕی، ئیتفاقی سعودی، ریفاعی بەحرێنی و قادسیەی كوێتی لەخۆدەگرێت، كە كۆمەڵەیەكی زۆر بەهێزە.
یانەی دهۆک دوێنێ ئێوارە دوایەكەی مەشقی خۆی ئەنجامدا و خۆی بۆ یارییەكە ئامادە كردووە.
هەروەها یاریگەی دهۆک بۆ یارییەكە ئامادە كراوە و كێشەكانی ناو لاكێشەی سەوزی چارەسەركراون.