پۆلیسی سلێمانی بۆ خەڵکی سیتەک: وەرن کەلوپەلەکانتان ببەنەوە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی

پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی دوو کەسی راگەیاند و دەڵێت دزییان لە 30 شوێن کردووە لە سیتەک، داواش دەکات ئەو هاوڵاتییانەی دزییان لێکراوە بێن کەلوپەلەکانیان ببەنەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی، ئەمڕۆ سێشەممە لە فەیسبووکی خۆیان رایگەیاند، دوو تۆمەتبار کە تەمەنی یەکێکیان 27 ساڵ و ئەوی دیکەشیان 52 ساڵە، لەسەر دزیکردن لە سیتەک دەستگیرکراون.

پۆلیسی سلێمانی دەستی بەسەر چەند پارچە چەكێك و بڕێك پارە و كەلوپەلی دزراودا گرتووە، لەگەڵ ئۆتۆمبێلێك كە بە تۆمەتباران بووە.

دزەکان لەدوای سکاڵای چەند هاوڵاتییەکی سنوورەکە دەستگیرکراون.

“داوا لە هاوڵاتیانی ئەو سنورە دەكەین، كە دزییان لێكراوە و كەلوپەلەكانی خۆیان دەناسنەوە، سەردانی بنكەی پۆلیسی سیتەك بكەن بە مەبەستی تۆماركردنی سكاڵا،” پۆلیسی سلێمانی وا دەڵێت.