لە پشدەر

گەڵای مێوەکان نەوەریوە رەز دەبڕن

964+

محەمەد عەلی ـ پشدەر

رەزبڕین دانیشتووانی گوندی بێگەڵاسـی لە قەزای پشدەر کردووە بە دوو بەرەوە، بەشێکیان هێشتا گەڵای مێوەکان نەوەریوە، رەز دەبڕن و بەشێکیشیان دەڵێن، تا سەرەتا وەرزی بەهار رەزەکانیان نابڕن.

مەحمود محەمەد جوتیارێکی گوندی بێگەڵاس بە 964ـی وت، “نزیکەی پێنج ساڵە لەم وەرزەدا رەزەکەم دەبڕم، چونکە ناوچەکەمان شاخاوییە و لە زستاندا بەفر لقی مێوەکان دەشکێنێت، لە بەهاریشدا مێوەکان زوو شین دەبن و فریای بڕینیان ناکەوین”.

“رەزبڕین کەسی شارەزای دەوێت، هەموو کەس ناتوانێت رەزببڕێت، بەپێی قووەتی مێوەکە، دەبێت لقەکانی کورت و درێژیان پێبدرێت، کە باشی نەبڕیت، بەرهەمی باشی نابێت، هەرچی لقی لاواز و زیادە هەیە، دەیبڕین و خاوێنی دەکەینەوە”، مەحمود محەمەد وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ساڵانە بەرهەمی باشیان هەیە و جگە لەناوخۆ، ترێ بۆ شارەکانی تریش دەنێرن، بەڵام چەند ساڵێکە بەراز زیانی زۆریان پێدەگەیەنێت و مێوەکان لەناو دەبات.

بەپێی ئاماری کشتوکاڵی پشدەر، لە گوندی بێگەڵاس نزیکەی 500 دۆنم زەوی رەز و باخە، هەر دۆنمێکیش یەک تۆن و نیو ترێی هەیە و کۆی بەرهەمی ساڵێکی گوندەکەش زیاترە لە 700 تۆن.

پێداچوونەوە: شۆڕش قادری

جووتیاران دەستیان بە بڕینەوەی رەزەکانیان کرد

جووتیاران دەستیان بە بڕینەوەی رەزەکانیان کرد