لە حەوت مانگدا 511 هەزار تۆن کاڵا هاوردە کراوە"
هاوردەی کاڵا لە مەرزی حاجی ئۆمەرانەوە زیادی کردووە
964+
شۆڕش قادری
هاوردەی کاڵا لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان بە رێژەی 9٪ زیادی کردووە.
عەلی ئەکبەر ئەشرەفی بەڕێوەبەری گومرگی حاجی ئۆمەران لە دیوی ئێران بە ئاژانسی هەواڵی ئیرنای راگەیاندووە، “لە 21.3.2024ـەوە تا ئێستا 511 هەزار تۆن کاڵا بە بەهای 225 ملیۆن دۆلار کاڵا هەناردەی عێراق و هەرێمی کوردستان کراوە و رێژەکەش بەراورد بە ساڵی رابردوو لەم کاتەدا 9٪ زیادی کردووە”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆربەی ئەو کاڵایانەی لەو ماوەیەدا هاوردەی هەرێم کراون، خۆراک و کەرەستەی بیناسازی بوون.
عەلی ئەکبەر ئەشرەفی دەشڵێت، “نزیکبوونی مەرزی حاجی ئۆمەران لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و لێکچوونی نەتەوەیی و ئایینی خەڵکی هەردوو دیوی مەرزکە، هۆکارێکی باشن بۆ پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەڕێی ئەو مەرزەوە”.
مەرزی حاجی ئۆمەران لە 25 کیلۆمەتری قەزای چۆمان و 11 کیلۆمەتری شاری پیرانشار لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەڵکەوتووە و بە یەکێک لە دەروازە بازرگانییە سەرەکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران لەقەڵەم دەدرێت.