پشکنین پشکنین پشکنین
“چارەسەرى شێرپەنجەى مەمکە”
964+
دیلان محەمەد جەزا
لە چوارچێوەى هەڵمەتى پەمەیى بۆ رووبەڕووبونەوەى شێرپەنجەى مەمک و هۆشیارکردنەوەى ژنان، ئەمرۆ سیمینارێک لەبارەی نەخۆشییەکانی مەمک لە شاری پزیشکی فاروق بەرێوەدەچێت و تیایدا ژنان هۆشیار دەکرێنەوە لەبارەی مەترسییەکانی ئەو نەخۆشیە.
دکتۆر نەریمان محەمەد پسپۆری نەخۆشیەکانی مەمک و نەشتەرگەری بە 964ـى وت،” جەخت لەوە دەکەمەوە چارەسەرى شێرپەنجەى مەمک پشکنین پشکنین پشکنینە، بۆیە پێویستە ژنان بەردەوام پشکنین بۆخۆیان بکەن لە ماڵەوە و لە هەر حاڵەتێکى گوماناوى و بوونى گرێ لە مەمکدا سەردانى پزیشک بکەن.
وەک باسى دەکات، ئەگەر بە زوویى پێى بزانرێت چارەسەر 99%ـە و مەترسى نابێت، بەڵام تا دوا بکەوێت رێژەى مەترسییەکە گەورەتر دەبێت.
هۆتێلەکانى میلینیۆمى سەربە گروپى کۆمپانیانى فاروق، لەچوارچێوەی هەڵمەتی ئۆكتۆبەری پەمەیی، رۆژى 6ـى ئەم مانگە کەمپینێکى بۆ توشبوانى شێرپەنجەى مەمک راگەیاند.
كەمپینەکە کۆمەک لە رێگەی پسولەی میوانانی هۆتێل و رێستورانتەكانی ملینیۆم كۆدەكاتەوە، بەشێوەیەک هەر كەسێك سەردانی هۆتێلەكە دەكات لەگەڵ هەر خواردن و خواردنەوەیەك دەتوانێت بڕە پارەیەك ببەخشێت.
نەخۆشخانەى هیوا لە سلێمانى، لە 10 مانگى ئەمساڵدا 479 توشبووى شێرپەنجەیان تۆمار کردووە، لە کاتێکدا ساڵى پار لە 10 مانگدا 415 حاڵەتیان تۆمار کردبوو.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح