بە مۆبایل و موگناتیس دەدۆزرێتەوە
بەقسەی وەزارەت بکەن.. دەرمان ستیکەری لەسەر نەبوو بەهیچ شێوەیەک نەیکڕن
964+
شۆڕش قادری
هەرکاتێک چوویتە دەرمانخانەیەک دەرمانت کڕی یەکەم شت تەماشا بکە بزانە ستیکەری وەزارەتی تەندروستی لەسەرە یان نا، ئەگەر لەسەری نەبوو نەچی بەلایدا ئەوە ساختەیە، کاتێک ستیکەرەکەشت بینی کامێرای مۆبایلەکەت بخە سەر ئەو کیوئاڕ کۆدەی لەسەریەتی، لەوێوە تەماشا بکە بزانە دەرمانەکە نرخی چەندە و کەی بەسەر دەچێت.
دەرمان ستیکەری لەسەر نەبوو نەیکڕیت
جگە لەمەش لە هەموو دەرمانخانەیەک ئامێرێکی بچکۆلەی تایبەت هەیە وەزارەت ناوی ناوە ”ئامرازی دژە ساختە” دەتوانیت داوای بکەیت، ئەو ئامێرە موگناتیسێکی تایبەتی تێدایە دەیخەیتە سەر ستیکەرەکە رەنگی دەگۆڕێت بۆ سەوز ئەگەر وانەبوو، ئەوا ئەو دەرمانە ساختەیە.
دوو رێگا هەیە بۆ دۆزینەوەی دەرمانی ساختە، یەکێکیان بە مۆبایلەکەت دەکرێت ئەویتریان بە موگناتیس
ماوەیەکی زۆرە وەزارەتی تەندروستی خەریکی ئەم کارەیەو دەیەوێت لەرێیەوە دەرمانی ساختە لەبازاڕدا نەهێڵێت، هەروەها رێگەش نەدات دەرمانخانەکان دەرمان بە گران بفرۆشن.
ئیشەکە هەر ئەوە نییە، لە رێی میدیاو سۆشیال میدیاو هەڵواسینی پۆستەرو بیلبۆردو گەڕانی تیمەکانەوە خەڵک ئاگادار دەکەنەوە کە کارێکی وا هەیە تا کەس دەرمان بە هەڕەمەکی نەکڕێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە هەشت تیمی تەندروستی هەولێر لە ناو شارو لە خەبات و دەشتی هەولێرو شەقڵاوەو هەریر و مەخمور دەگەڕان و خەڵکیان لەم هەڵمەتە ئاگادار دەکردەوە.
چوارشەممەی رابردوو، دامەزراوەی کۆنتڕۆڵ و دەرمانی هەرێم دوو دەرمانی بە ناوەکانی (HONORTONIN drops) و (melatonin drops) لە بازاڕەکانی کوردستان بە تەواوی قەدەغە کرد، لەبەر ئەوەی لە پشکنین دەرنەچوون و دەبێت لەناو ببرێن.
ئەمە ڤیدیۆیەکە وەزارەتی تەندروستی بڵاویکردووەتەوە بۆ ناسینەوەی دەرمانی ساختە