بۆچی سەگە بەرەڵاکانی موسڵ په‌لاماری هاوڵاتیان ده‌ده‌ن؟

964+
دێسكی عه‌ره‌بی – موسڵ

لەم چەند رۆژه‌ی دواییدا لە شاری موسڵ بەهۆی پەلاماردانی سەگی بەرەڵاوە، حاڵەتی مردن و زامداربوون لە ناو هاوڵاتیاندا تۆمارکراوه‌، هاوڵاتیان لە زیادبوونی حاڵەتی پەلاماردان و هێرشبردن و هەڵسوکەوتی ئەو سەگانە و جیاوازییان لەگەڵ سەگەکانی دیكه‌، پرسیاریان هەیە، شاره‌زایانیش هۆکاری پەلاماردانەکان شیدەکەنەوە.

عودەی ئەلعەبادی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ڤێرتێنەری موسڵ بۆ تۆڕی 964 وتی، چەند هۆکارێک هەن بۆ دڕندەیی و شەڕانگیزی ئه‌و سه‌گانه‌ی موسڵ بەرامبه‌ر مرۆڤ، یەکەمیان هەندێک لەو سەگانە لە ماوەی رزگارکردنی شاری موسڵدا ژیاون، لاشەی كوژراوه‌کانی شه‌ڕیان خواردووە، وەک ئاشکرایە هەستی بۆن لە سەگدا زۆر بەهێزە، بۆنەکه‌ لە مێشکیاندا دەمێنێته‌وه‌، بۆیە کەوتوونەتە پەلاماردانی پیادەڕەوەکان.

بەرزبوونەوەی ژمارەی سه‌گه‌ به‌ڕه‌ڵاكان بۆ نزیکەی 100 هەزار، شتێکی نامۆ نییە، ئه‌مه‌ش بەهۆی وەستانی هەڵمەتی قەڵاچۆکردنیان بەهۆی پەتای کۆرۆناوە.

شەڕانگێزی سەگ لە ماوەی جووتبووندا زیاد دەکات و سەگ لەساڵێکدا لە دوو وەرزدا جووت دەبێت.

عودەی ئەلعەبادی ده‌ڵێت، تێبینیم کردووە سەگی بەتەمەن هەیە، تەمەنیان 10 ساڵ و زیاتریشە، کە ئەمەش دەمانگەڕێنێتەوە بۆ هۆکاری یەکەم کە شەڕانگێزییە، چونکە لەو ماوەیەدا ژیاون کە لە ساڵی 2017 موسڵی تێدا رزگارکرا، هەروەها گۆشتی لاشەی مرۆڤیان خواردووە وەکو (تەرمەکانی داعش) و هەندێک لە قوربانیانی مەدەنی، کە تەرمەکانیان بۆ ماوەیەکی زۆر لە دەرەوە یان لە ژێر داروپەردوودا مابوونەوە.

هه‌ر له‌م باره‌یه‌وه‌ عومەر ئەحمەد پزیشکی ڤێرتێنەری بۆ تۆڕی 964 قسه‌ی كرد، “هۆکاری شەڕانگێزیی سه‌گه‌كان بۆ ژمارەی زۆری بێشوماریان و برسیبوونیان دەگەڕێتەوە، ئەمە جگە لەوەی هەندێک لەو سەگانە لاشەی مرۆڤیان خواردووە، بۆیه‌ ئه‌گەر هەڵمەتێکی فراوان بۆ نەهێشتنی دیاردەی سەگی بەرەڵڵا دانەنرێت، ئەوا هێرشی زیاتر و زیاتر ئەنجامدەده‌ن”.

به‌پێی زانیارییه‌كانی 964، تا ئێستا له‌ موسڵ ژمارەی برینداربوونی ئەو کەسانەی بەهۆی پەلاماردانی سەگەوە تۆمارکراون، لە ژمارەی ئەو کەسانە زیاترە کە بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆوە برینداربوونه‌.