پرسی مافەكانی مرۆڤ و ژنان
ئایا میوانداریی مۆندیالی 2034 دەدرێتە سعودیە؟
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
دوو مانگ پێش ئەوەی فیفا پشتڕاستی بكاتەوە میوانداریکردنی مۆندیالی 2034 لەلایەن سعودیەوە دەبێت، شارەزایان و چالاکوانان جارێکی دیکە داوایان لە فیفا کرد رێگە بە لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ بدات لە پابەندبوونەکانی سعودیە بۆ مافەکانی مرۆڤ بۆ مۆندیال.
کۆمەڵێک لە پسپۆڕانی یاسایی و مافی مرۆڤ و هەروەها چالاکوانانی سعودی لە دەرەوەی وڵات دەیانەوێت فیفا پێداچوونەوەی بەردەوام و بڕگەیەکی ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی میواندارییەكە بسەپێنێت، لە گرێبەستی میوانداریکردنی مۆندیالی 2034دا.
ئەو شارەزا و چالاكوانانە دوێنێ هەینی چوونە زیوریخ و بارەگای فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ “فیفا”، ئەوان دەیانەوێت جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا کە پەیوەندییەکی نزیکی بە سەرکردە سیاسی و وەرزشییەكانی سعودیەوە هەیە، لە چۆنیەتی هەڵبژاردنی قەتەڕ بۆ میوانداریکردنی مۆندیالی 2022 فێربێت، چونکە دەوحە بەبێ ئەوەی گەرەنتی یاسایی بەهێزی ئەو رێکخراوە بەدەست بهێنێت، میواندارییەكەی كرد.
سعودیە هاوشێوەی قەتەڕ کۆمەڵگەیەکی داخراو و نەریتییە، پێویستیشی بە پڕۆژەیەکی بیناسازی گەورەیە، کە پشت بە کرێکارانی بیانی دەبەستێت بۆ دروستکردنی یاریگە و ژێرخانی دیکە بۆ گەورەترین چالاکیی تۆپی پێی جیهان.
رۆدنی دیکسۆن، پارێزەری بەریتانی بە ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێسی راگەیاندووە، “ئێستا هیچ بیانوویەک نییە، ئەگەر مانای ئەوە بێت لە مانگی کانوونی دووەمدا دەبێت بگەنە جۆرێکی جیاواز لە رێککەوتن، ئەوا پێویستە ئەوە بکەن”.
گرێبەستەکانی میوانداریکردنی مۆندیال دوای بڕیارەکەی 11ی کانوونی دووەم لەلایەن زیاتر لە 200 کۆمەڵەی ئەندامی فیفا لە کۆبوونەوەیەکی ئۆنلاین واژۆ دەکرێن و سعودیە تاکە کاندیدە بۆ میوانداریكردنی مۆندیالی ساڵی 2034.
راوێژکار و یاساناسەكان، كە سەردانی فیفایان كرد، ئاماژەیان بە تۆماری سعودیە کرد سەبارەت بە ئازادی رادەربڕین و گردبوونەوە، هەروەها یاساکانی کار و پیاوسالاری، کە ئازادییەکانی ژنانیان سنووردار كردووە.
فیفا دەستەوەستان نەبووە و لەم بارەیەوە لە مانگی ئایاری رابردوودا ئۆفەرێکی لە شارەزایانی یاسایی و مافی مرۆڤ وەرگرت بۆ دامەزراندنی پرۆسەیەکی سەربەخۆ، بۆ چاودێریکردنی پێشکەوتنەکان لە سعودیە.
جۆی شیا، توێژەری رێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ رایگەیاند “پێشێلکاری جددی”ی دژی کرێکارانی کۆچبەر دۆكیۆمێنت کردووە، کە ژمارەیان زیاتر لە 13 ملیۆن کەسن، واتە نزیکەی ٤٠%ی دانیشتووانی سعودیە.
ئەو هۆشداریدا لەوەی لە کاتێکدا رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ پێش مۆندیالی 2022 دەستڕاگەیشتنیان بە شوێنەکانی کار لە قەتەڕ سنووردار بووە، بەڵام ئەمە لە دۆخی سعودیەدا نەبووە.
بەرپرسانی تۆپی پێی سعودیە بەردەوام رایانگەیاندووە، وڵاتەكەیان لە چاکسازییە کۆمەڵایەتییەکاندا پێشكەوتن بەدەست دەهێنێت لە چوارچێوەی هەڵمەتی دیدگای 2030 بە سەرۆکایەتی محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە بۆ مۆدێرنکردن و دروستکردنی ئابوورییەکی دوای نەوت.
بەڵام رۆدنی دیکسۆن، پارێزەری بەریتانی ئاماژەی بەوە كردووە، سعودیە لە کۆی 146 وڵات لە پرسی جێندەر لەلایەن کۆڕبەندی ئابووری جیهانییەوە پلەی 131ی بەدەستهێناوە.
روونیشیکردەوە، “زۆر یاسا هەیە کە زیان بە ژنان دەگەیەنێت، هیچیان لە رێگەی ئۆفەری سعودیەوە بۆ میوانداریكردنی مۆندیال مامەڵەیان لەگەڵدا نەکراوە”.
بڕیارە دوو مانگی داهاتوو، فیفا بە فەرمی بڕیاری ئەوە بدات مۆندیالی 2034ی تۆپی پێ لە سعودیە بەڕێوەبچێت، كە تا ئێستا تاكە وڵاتە دۆسیەی بۆ میوانداریكردنی مۆندیالەكە پێشكەش كردووە.