لە ساڵى 1924 گەشتەکەى ئەنجامدا بوو

دواى 100 ساڵ پاشماوەى تەرمى شاخەوانێک لە ئێڤرێست دۆزرایەوە

964+

وریا فەتاح

پێش 100 ساڵ لەمەوبەر و لە ساڵى 1924، هەردوو شاخەوانى بەناوبانگ ئەندرۆ ساندى ئیرڤین و جۆرج مالۆرى لە کاتى هەوڵدانیان بۆ سەرکەوتن بەسەر بەرزترین لوتکە چیاى جیهان، گیانیان لەدەستدا، هەرچەندە تەرمى مالۆرى لە ساڵى 1999 دۆزرایەوە، بەڵام تەرمى ئێرڤین وەک نهێنییەک مایەوە.

پێگەى ناشناڵ جیۆگرافیک بڵاوى کردەوە، لەلایەن تیمێکی ناشناڵ جیۆگرافیکەوە دوای 100 ساڵ لە دیارنەمانى شاخەوانەکە، لە چیاى ئێڤرێست پاشماوەى تەرمەکەى دۆزرایەوە.

وەک ئەوەى پێگەکە باسى کردووە، فۆتۆگرافەر و سینەماکار جیمی چین سەرکردایەتی تیمێکی ناشناڵ جیۆگرافی کردووە لە خوار رووی باکووری چیای ئێڤرێستەوە، لەو کاتەدا پێڵاوێکیان دۆزییەوە کە پێدەچووهى ئەندرۆ ساندى ئیرڤین بێت.

“پێڵاوەکە لەسەر سەهۆڵێکى تواوە دەرکەوتووە، لەگەڵ نزیکبوونەوەى تیمەکە ناسرایەوە کە پاشماوەکە هى ئەندرۆ ساندى ئیرڤینە، کە 100 ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ شاخەوانى بەناوبانگ جۆرج مالۆرى گیانی لەدەستدا”.

ئاشکراشى کردووە، دوایین جار ئیرڤین و مالۆری لە 8ـی حوزەیرانی 1924 بینران، لەکاتێکدا هەوڵیان دەدا ببنە یەکەم کەس کە بگەنە بەرزترین لوتکەی جیهان، هەرچەندە نازانرێت توانیویانە بەسەر لوتکەکەدا سەرکەون یان نا، ئەوەشیان وەک گەورەترین نهێنى سەرکەوتن هێشتووەتەوە.

ئاشکراشى کردووە، پاشماوەى مالۆرى لە ساڵى 1999 دۆزرایەوە، بەڵام لەوساوە شوێنى ئێرڤین بە نادیارى مایەوە، هەربۆیە ئەوە یەکەم بەڵگەى راستەقینەیە لەسەر ئێرڤین.

پێگەى ناشناڵ جۆگرافیک ئاماژەى بەوەشکردووە، دواى دۆزینەوەى پاشماوەى ئەو شاخەوانە، هەواڵ بە خوشکەزاکەى دراوە کە ناوى جولى سامێرزە و تەمەنى 64 ساڵە، بریارە نمونەى DNA یان لێوەربگیرێت بۆ بەراوردکردن لەگەڵ پاشماوەکان بە مەبەستی پشتڕاستکردنەوەی ناسنامەکەیان.

شەش شاخەوانى کورد گەیشتنە بەرزترین لوتکە چیاى وڵاتى ئە...

شەش شاخەوانى کورد گەیشتنە بەرزترین لوتکە چیاى وڵاتى ئەرمەنستان