پەمپیۆ چۆن باسی سەركردەكانی كوردستان و عێراف دەكات

-964

عادل مقداد

مایک پۆمپیۆ کە وەزیری دەرەوەی ئیدارەکەی دۆناڵد ترەمپ بوو، لە نوێترین کتێبیدا بە ناوی “یەک بستیش مەبەخشە شەڕ بۆ ئەو ئەمریکایەی خۆشم دەوێت”، باسی زۆر بابەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، لەناویاندا، مەسعود بارزانی و بەرهەم ساڵح، یەکەمیان بە هاوپەیمانی باش و دووەمیان بە پیاوێکی ورد وەسف دەکات.

مایک پۆمپیۆ، سیاسەتمەدارێکی ناسراوی ئەمریکی و هەواڵگری و دیپلۆماتکار و بازرگان و سەرکردەی کۆمارییەکانە، لە ساڵی 2017 تا 2018 بەڕێوەبەری هەواڵگری بووە، دواتر لە ساڵی 2018 تا 2021 پۆستی وەزیری دەرەوەی ئەمریکای وەرگرتووە، یەکەم کەسیشە لە ئەمریکا ئەم دوو پۆستەی وەرگرتبێت.

دەربارەی سەرهەڵدانی داعش پۆمپیۆ هێرش دەکاتە سەر ئیدارەی ئۆباما و دەڵێت کاتێک داعش هات ئۆباما خەوتبوو و هیچ کارێکیان نەکرد بۆ وەستاندنی تا هاتنی ئیدارەی تڕەمپ.

هەروەها لەسەر بەرهەم ساڵح سەرۆککۆماری پێشووی عێراق نوسیویەتی، “ئەو سیاسەتمەدارێکی ناسراوە بۆ رۆژئاوا، هەروەها سەرکردەیەکی بە توانای کوردە لە عێراق، بەرهەم وریا بوو لەوەی چی گونجاوە و چی مەترسیدارە”.

لە کتێبەکەدا باسی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراقیشی کردووە، دەڵێت، “ئامرازێکی ئێرانی بوو، ئامادە نەبوو مەترسی سیاسی بۆ سەرمایەگوزاری سیاسی بکات، ئەو کاتانەی لەگەڵ من کۆدەبووەوە، هەمان کات لەگەڵ ئێرانییەکانیش کۆدەبووەوە”.

لەبارەی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق ئاشکراشی دەکات کە رۆژێک چووەتە بەغدا و لەگەڵی کۆبووەتەوە بۆ ئەوەی رازی بکات سەرچاوەی وزە لە ئێران وەرنەگرێت، بەڵام دەڵێت، کە عەبادی وتوویەتی، ئەگەر وا بکات ئەوا قاسم سولەیمانی گیانی دەکێشێت.

لەسەر کوشتنی قاسم سولەیمانی ئەو سیاسەتمەدارە ئەمریکیە دەڵێت، ئەمریکا سیاسەتێکی هەیە بە ناوی سیاسەتی رێگریکردن بۆ ترساندنی نەیارەکانی، بڕیاری کوشتنی قاسم سولەیمانی بڕیارێکی کاریگەر بوو بۆ گەڕاندنەوەی کەرامەت و سەقامگیری ئەمریکا بۆ ناوچەکە، سەرەڕای مەترسی و دەرئەنجامەکانی.

پۆمپیۆ بەرهەم ساڵح و بارزانی خستووەتە یەک بەرەوە و لە کتێبەکەی ئاماژەی بەوە کردووە، لە بنیاتنانی عێراقێکی سەربەخۆتر و سەروەرتر، هاوپەیمانی باشترم هەبوو لە هەندێک لە ئەندامانی کۆنگرێس، لە نێویاندا بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق، بارزانییەکان لە باکووری کوردستان هاوپەیمانێکی باش بوون.

دەشڵێت، “سەرکردایەتیکردنی کورد لە عێراق تەحەدایە، کورد لەژێر هەڕەشەی بەردەوامی ئێراندایە، بەڵام ئەو کارانەی لەگەڵ ئێمە کردوویانە، نایاب بووە، ئەوان شەڕکەر و باشترین هاوڕێی ئەمریکان”.پۆمپیۆ لە 24ی 1ی 2023 کتێبەکەی بڵاوکردەوە، چاوەڕێدەکرێت دەنگدانەوەی زیاتری لێبکەوێتەوە