سەرۆكی شارەوانیی هەولێر بەڵێنی دا
خزمەتگوزاری دەگەیەندرێتە زەوییەکانی قەرەبووی گردجوتیار
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر رایگەیاند، بەڵێنی گەیاندنی خزمەتگوزاری بە زەوییە قەرەبووەكانی گردجوتیار – ناوچەی پەرەپێدان نزیک گوندی پیرڕەش – درا.
شارەوانیی هەولێر بڵاویكردەوە، سەرۆكی شارەوانی كارزان عەبدولهادی سێشەممە لەگەڵ ژمارەیەك خاوەن زەوییەكانی ناوچەی قەرەبووی گردجوتیار كۆبووەوە و شوێنەكەی بەسەر كردەوە، لەوێدا بەڵێنی گەیاندنی خزمەتگوزاری زیاتری پێدان.
هەروەها ئاماژە بەوە كراوە، لە قۆناغێکی دیکەی پڕۆژەی ئەم ناوچەیەدا نزیکەی بە بڕی دوو ملیار و نیو دینار، کاری رێکخستنەوەی شەقام و تێکەڵەڕێژکردنی هەموو شەقامە لاوەکییەکانی گەڕەکەكە دەكرێت، دواتر هەموو ئەو هاوڵاتییانەی کە سەنەدەکان وەردەگرنەوە، دەتوانن داوای رێپێدانی دروستکردنی خانوو بکەن و شارەوانییش تیمەکانی راسپاردووە و دەرخستەیان ئامادەکردووە، بۆ ئەوەی لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا بتوانن قۆناغەکانی دیكەی وەک لێدانی کیربستۆن و فەرشکردنی تێکەڵە لە گەڕەکەكە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
حكومهت رووى له گردجوتیار كردووه
گەڕەكی “زەوییەکانی قەرەبووی گردجوتیار”، راستەوخۆ دەکەوێتە سەر شەقامی 150 مەتری و بە پێی راگەیاندراوی شارەوانیی هەولێر، لە ساڵی رابردوو تا ئێستا کۆمەڵێک کار و پڕۆژەی خزمەتگوزاری تێدا جێبەجێکراوە، لەوانە دروستکردن و قیرتاوکردنی دوو شەقامی گرنگی 40 مەتری و 60 مەتری و هەروەها دانانی سێکتەری ئاو بە شێوەیەکی زانستی.
شارەوانیی هەولێر ئەوەشی باس كردووە، لە كۆبوونەوەی سەرۆكی شارەوانی لەگەڵ خاوەن زەوییەكانی ناوچەكە، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم ئاری قادریش ئامادەبووە و ئەویش وتوویەتی، “لە رووی خزمەتگوزاری ئاوەوە سێ بیر لە گەڕەكەكە لێدراوە و هەروەها لە هەفتەی داهاتووشدا دەست دەکەین بە دانانی تۆڕی ئاو”.