چوونە بەغدا
ژمارەیەک جوتیاری پێنجوێن؛ مەرز مەکەنەوە تەماتەمان ماوە
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
کۆمەڵێک جوتیاری پێنجوێن، چوونەوە بۆ بەغدا و داوایانکرد، ماوەی داخستنی دەروازە سنورییەکان بە رووی بەرهەمی بیانی درێژبکرێتەوە، ئەوەش بۆ ساغبوونەوەی بەرهەمی ناوخۆ.
بە تایبەت پێنجوێن ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەی دیکە لە ئاستی بەرزی رنینی تەماتەدا دەمێنێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 8.10.2024، رێباز ساڵح جوتیار لە پێنجوێن و بەشدار لە شاندی جوتیارەکان بە 964ی وت، تا ئێستا پێنجوێن بەرهەمێکی زۆری تەماتەی ماوە و پێویستییان بە کاتی زیاترە بۆ ئەوەی بتوانن بیخەنە بازاڕەوە.
بەڵێنیان پێدراوە هەفتەیەکیان بۆ نوێ بکرێتەوە و پێشتریش تاوەکو 15.10.2024 رێکەوتنیان هەبووە و بەگوێرەی ئەو بەڵێنەی پێیان دراوە، دەبێت هەفتەیەک کردنەوەی سنورەکان دوابخرێت، بەڵام رێباز وتی، بڕیاری 100% نەبووە و لەو بەروارەدا چاودێری دۆخی بازاڕ دەکەن.
ئەو جوتیارانە لە سەردانەکەیان چوونەتە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق و بەشێکی زۆری بەرپرسانیان بینیوە، ئەمساڵ جوتیارانی پێنجوێن، ماوەی مانگێکیان بەسەردانکردن لە هەولێر و بەغدا بەسەربرد لە پێناو ساغبوونەوەی بەرهەمەکانیان.
مانگی رابردوو لە کۆبوونەوەی شاندی هەرێم و عێراق لە هەولێر جوتیاران توانیان چاویان بە هەردوو وەزیری کشتوکاڵ بکەوێت و بڕیار بە داخستنی سنورەکان درا لە رۆژی 15.9.2024هاوردەکردنی بەرهەمی کشتوکالی لە مەرزەکانی خوارووی عێراق راگیرا و لە ئێستادا نرخی کیلۆیەک تەماتە لە نێوان 400 دینار بۆ 700 دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا