ئەمڕۆ كۆبوونەوە كراوە
“سوپای عێراق ئامادەكاری بۆ ئەگەری شەڕ دەكات”
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
ئەمڕۆ ئێوارە كۆبوونەوەیەك لە نێوان ئەفسەرانی سوپاسی عێراق لە ئاستی هێزەكانی پیادە، ئاسمانی و دەریایی كراوە و باس لە ئامادەكاری بۆ هەر ئەگەرێكی شەڕ كراوە.
وەزارەتی بەرگریی عێراق راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە و كۆپییەكی دەست 964 كەوتووە، كە تێیدا ئاماژە بە كۆبوونەوەیەكی فراوان بە سەرپەرشتیی سەرۆكی ئەركانی سوپا كراوە.
كۆبوونەوەكە بە سەرپەرشتی سەرۆكی ئەركانی سوپا فەریق ئەوەلی هێزەكانی تایبەت عەبدولئەمیر رەشید یارەڵا بەڕێوەچوو، هەریەكە یاریدەدەرەكانی سەرۆك ئەركان لە ئۆپەراسیۆن و میرە، پشكنەری گشتیی سەربازی و فەرماندەكانی “پیادە، ئاسمانی، دەریایی، فڕۆكەوانی سوپا، بەرگریی ئاسمانی و جێگری بەڕێوەبەری هەواڵگریی سەربازی” بەشداربوون.
لە كۆبوونەوەكەدا، وەك لە راگەیاندراوەكەدا باس كراوە، باس لە بارودۆخی ناوچەكە و ئەو ئاڵنگارییانە كراوە، كە هاتوونەتەپێش، هەروەها باس لە ئامادەبوونی هێزەكان كراوە بۆ دابینكردنی ئەوپەڕی ئاسایش بۆ وڵات و رێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر بۆ هەر ئەگەرێكی لەناكاو.
هەروەها باس لە بەهێزكردنی ئاستی ئامادەكارییە جەنگییەكان لە هەموو پێكهاتە سەربازییەكان كراوە.