نزیکەی 50 کیلۆمەتر دەبڕن

راوچیانی پشدەر بۆ راوی ماسی روو لە دەریاچەی دوکان دەکەن

964+

محەمەد عەلی ـ پشدەر

بەهۆی گرتنەوەی ئاوی زێی بچوک لەلایەن ئێرانەوە راوچیانی پشدەر نزیکەی 50 کیلۆمەتر دەبڕن تادەگەنە کەناراوەکانی دەریاچەی دوکان بەمەبەستی راوکردنی ماسی بە قولاپ، راوچیەکان دەڵێن”بەهۆی راوی نایاساییەوە سامانی ماسی رووی لەکەمبوونەوەیە”.

قادر هەمزە راوچیەکی دەڤەری پشدەرە بە 964ـی وت،” نزیکەی 10 ساڵە راوی ماسی دەکەم بە قولاپ، چێژێکی زۆری لێدەبینم، بەداخەوە بەهۆی کەمکردنەوەی ئاوی زێی بچوکەوە، ناچار روو لە کەناراوەکانی دەریاچەی دوکان دەکەین، هەندێ جار لە ئێوارە تا بەیانی راوی قولاپ دەکەین و شەوان دەمێنینەوە.

“راوی ماسی لای ئێمە زیاتر حەزە و خولیایە نەک فرۆشتنیان بۆ بژێوی ژیانمان، بەو هۆکارە لەجەنجاڵی شار دوور دەکەوینەوەو دەرونمان ئارام دەبێت، لەهەفتەیەک دا جارێک بۆ دوو جار بەمەبەستی راوی قولاب دەردەچین و هەندێ شەویش دەمێنینەوە و راودەکەین، تائێستا گەورەترین ماسی کە بەقولاب گرتوومە لەجۆری شەبوت وەزنی 16 کیلۆ بووە” قادر هەمزە وای وت.

رونیشی کردەوە، بەراود بەساڵانی رابردوو سامانی ماسی زۆر کەمی کردووە و بەردەوامیش لەکەمبووندایە، هۆکارەکەشی بەکارهێنانی نارنجۆک و ژەهرو کارەبایە، کە لە رووی یاساییەوە راوکردن بەو شتانە قەدەغەیە، بەتایبەت لە کاتی گەرادانانی ماسیدا ووردو درشتی لەناودەبەن، پێویستە حکومەت باشتر سامانی ماسی بپارێزێت و پەنجەماسی بخاتەناو دەریاچەکە.

لە دەریاچەی دوکاندا، جۆری ماسی بزە و شەبوت و کارب بوونیان هەیە باشترینیان ماسی شەبوتە، کە گۆشتەکەی لەئەوانی تر بەتامترە، گەورەترینیان ماسی بزەیە کە کێشی لە یەک کیلۆ تا 150 کیلۆگرام زیاتر دەبێت.

پێداچوونەوە: توانا نەقی