"بەردەوام دەبین لە ئاوەدانکردنەوەی کوردستان"

دیداری بازرگانی لەنێوان کۆمپانیاکانی هەرێم و میسر بەڕێوەچوو

964+

شۆڕش قادری

لە شاری هەولێر دیداری بازرگانی لە نێوان کۆمپانیاکانی هەرێم و میسر بەڕێوەچوو.

بەپێی راگەیەنراوێکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، ئەمڕۆ شەممە 5.10.2024 بە ئامادەبوونی عەمر حەزا راوێژکاری وەزیری بازرگانی و وەبەرهێنانی میسر و مەحمود فاروق عامر کونسوڵی گشتی ئەو وڵاتە لە هەولێر، دیدارێکی بازرگانی لە نێوان کۆمپانیا خۆماڵییەکانی هەرێم و میسر بەڕێوەچووە.

لە دیدارەکەدا گەیلان حاجی سەعید سەرۆکی ژووری بازرگانی هەولێر ئاماژەی بەوەکردووە، “هەرێمی کوردستان دەروازەیەکی گرنگی ئابوورییە بۆ هەموو عێراق و توانای ئابووری لە هەموو سێکتەرە جیاجیاکان هەیە، هەروەک لە هەرێم دەرفەتی وەبەرهێنان زۆرە، چونکە عێراق بەگشتی یەکێکە لە وڵاتانی هاوردەکار”.

هاوکات عەمر حەزا راوێژکاری وەزیری بازرگانی و وەبەرهێنانی میسر رایگەیاندووە، دەیانەوێت پەیوەندییەکانیان بەهێز بکەن لەگەڵ عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی  و بەردەوامیش دەبن لە ئاوەدانکردنەوەی زیاتری کوردستان لە هەموو سێکتەرەکان و کاری زیاتر دەکەن بۆ پێشخستنی.