ئەگەرنا وەرناگیرێت
بەغدا بۆ بازرگانانی هەرێم: دەبێت بە 72 کاتژمێر کاڵاکانتان بگەیەنن پێمان
964+
ژووری هەواڵ
حکومەتی عێراق بڕیارێکی دەرکردووە ئەگەر جێبەجێبکرێت، دەبێت بارهەڵگرەکانی هەرێمی کوردستان لەماوەى 72 کاتژمێردا کاڵا و شتومەکەکانیان بگەیەننە باشوور و ناوەڕاستی عێراق، ئەگەرنا بارەکانیان لێوەرناگیرێت.
ئەمڕۆ شەممە 5.10.2024، خالید حاجی عەلی، ئەندامی ژووری بازرگانی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، بڕیارەکە دەرچووە، بەڵام هێشتا نەکەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و زۆربەی بازرگانان بەو 72 کاتژمێرە ناتوانن بارەکانیان بگەیەننە باشوور و ناوەڕاستی عێراق و کێشەی زۆریان بۆدروستدەبێت.
بە وتەی ئەو ئەندامەی ژووری بازرگانی سلێمانی، ئەو بڕیارە دەبێتە هۆی ئەوەی بازرگانان شت لە بازرگانانی هەرێمی کوردستان نەکڕن، جگە لەوەی هەر بارێک دووجار گومرگ دەکرێت، جارێک حکومەتى هەرێمى کوردستان و جارێکى دیکە حکومەتى عێراق ئەو گومرگە دەکات.
سەرەتای مانگی هەشت، حکومەتی عێراق رێگریی دەکرد لە هەناردەکردنی بەرهەمی کارگەکانی هەرێمی کوردستان بۆ پارێزگاکانی خواروو و ناوەڕاست، دواتر مۆڵەتی دایە کارگەکانبەو مەرجەی کە دەبێت کۆمپانیاکان لەلای حکومەتی عێراق تۆمارکراو و رێگەپێدراو بن.