قوباد تاڵەبانی خۆی وەکو جێگری سەرۆکی حکومەت ناناسێنێت
964+
هێمن بەکر
قوباد تاڵەبانی و تیمەکەی سەردانی بەغدایان کرد، ئەمڕۆ دووشەممە لەگەڵ فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق دانیشتن، لە راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەدا وەسفی قوباد تاڵەبانی بە “سەرپەرشتیاری سکرتاریەتی مام جەلال” هاتووە، نەک جێگری سەرۆکی حکومەت.
ئەوە لەکاتێکدایە، تاوەکو ئێستا، قوباد تاڵەبانی بە شێوەیەکی فەرمی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
ئەو راگەیەندراوە لە لایەن تیمەکەی یەکێتی نووسراوە، کە راستەوخۆ قوباد تاڵەبانی خۆی سەرپەرشتی دەکات.
لە کۆتایی مانگی 10ی 2022 تاوەکو ئێستا، جێگری سەرۆکی حکومەت بەشداری لە هیچ کۆبوونەوە و چالاکییەکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان نەکردووە.
رۆژی 15ی 1ی 2023، کار گەیشتە ئەوەی سەرجەم ئەندامانی تیمی وەزیرانی یەکێتی لە وەتسئەپی ئەنجومەنی وەزیران هاتنە دەرەوە، دوای ئەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا، یەکێتی بە “قۆرخکاری داهات” ناوبرد.
ئەوە بوو دوای ئەوە، تیمی یەکێتی و پارتی لە حکومەت چەندین راگەیەندراویان دەرکرد و تۆمەتی جیا جیایان بە یەکتری وت.
سەرەڕای ئەوانەش، رۆژی 28ی 1ی 2023، شاندی هەردوو حزبەکە لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی لە شاری سلێمانی کۆبوونەوە، دواتر رێککەوتن کە جارێکی تر کۆببنەوە بە زووی.
بۆچی قوباد تاڵەبانی ناچێتە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران؟
بە سۆراغی تۆڕی 964، قوباد تاڵەبانی گرفتی لەگەڵ خودی مەسرور بارزانی و شێوازی کارکردنی هەیە لە حکومەت.
لە مانگی 10ی 2022، ئەحمەد مستەفا، سەرۆکی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان، نوسراوێکی ئاراستەی دادگای رانیە کردووە، تێیدا هەریەک لە قوباد تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانی بە تۆمەتبار لە کەیسی کوژرانی موراد کانی کوردەیی ناوبردووە.
موراد کانی کوردەیی فەرماندەیەکی پێشمەرگە بوو، لە رۆژی 25ی 10ی 2021 لە رووداوێکی تەمومژاویدا کوژرا لەناو بازاڕی شاری رانیە.
هەروەها بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا باسی لەوە کرد، هێز براوەتە دەوروبەری ماڵی براکەی لە هەولێر.
ئەم رووداوەیان دوای کوژرانی هاوکار جاف بوو، فەرماندەکەی دژەتیرۆری کوردستان لە گەڕەکی سەربەستی شاری هەولێر، بەهۆی بۆمبی لکێندراو بە ئۆتۆمبێلەکەی.
گوایە ئەوەی هێزی بردووەتە نزیک ماڵی قوباد تاڵەبانی، ئەژی ئەمین بووە، کە نزیک بە ساڵێکە لە هەولێرە و خۆی وەکو سەرۆکی دەزگای زانیاریی/زانیاریی دەناسێنێت، بەڵام بەرپرسانی یەکێتی رەتیدەکەنەوە پەیوەندی بەو دەزگایەوە مابێت.
نیگەرانییەکەی قوباد تاڵەبانی لە مەسرور بارزانی لەوێوە سەرچاوە دەگرێت، کە پێیوایە، “لە هەولێر جوڵە بە هیچ هێزێک ناکرێت بە بێ پرسی مەسرور بارزانی”.
پێشتر، میدیای یەکێتی لە زاری قوباد تاڵەبانی بڵاویکردبووەوە، “تاوەکو نیگەرانییەكان نەڕەوێندرێنەوە بەشداریی دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیران ناكەین”.